حکومەتی ئۆسترالیا هاوکاری هەرێم دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە ژینگەییەکان

سیاسی
  • 5-10-2022, 19:10
  • +A -A

    هەولێرـ INA
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پاوڵا گانلی باڵیۆزی ئۆسترالیا لە عێراق تاوتوێی چەند پلانێکی هاوبەشیان کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشە ژینگەییەکان و ئاسایشی ئاو و قەیرانی وشکەساڵی.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەت لەڕاگەیندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەزاڵی عێراقی ناردووە ڕاگەیاند: لەکۆبوونەوەکە کە رۆژی چوارشەمە ٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی کێشە ژینگەییەکان کە جێی گرنگیدانی هەردوولایە. هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی کاری هاوبەش بۆ دانانی پلانی گونجاو بۆ پاراستنی ژینگە و پاراستنی ئاسایشی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی وشکەساڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
    لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا حکومەتی ئۆسترالیا کۆمەڵێک پسپۆڕ بنێرێتە هەرێمی کوردستان تا هاوکاری حکومەتی هەرێم بکەن لە دانان و جێبەجێکردنی ستراتیژی گونجاو لە بوارەکانی ژینگە و ئاسایشی ئاو و بەرەنگاربوونەوی وشکەساڵی. بڕیاریش درا بۆ هەمان مەبەست لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند کۆمپانیەکی تایبەتمەندی ئۆسترالی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.