نەزاهە بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای پیشەسازی سەربازی داوادەكات

ناوخۆ
  • 5-10-2022, 10:50
  • +A -A

    بەغداد - INA 
    دەستەی نەزاهەی فیدراڵی ئەمرۆ چوارشەممە، دەركردنی فەرمانی داواكردنی بەڕێوەبەری گشتی ئێستای كۆمپانیای پیشەسازیی سەربازیی گشتی، بەهۆی زیانگەیاندن بەشێوەیەكی ئەنقەست بەماڵ و بەرژەوەندیی ئەو قەوارەیەی كاری تێداكردووە راگەیاند.
    فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: دادگای لێكۆڵینەوەی حلەی تایبەتمەند بۆ گوێگرتن لە كەیسەكانی نەزاهە، فەرمانی داواكردنی دەركرد دژی بەڕێوەبەری گشتی ئێستای كۆمپانیای پیشەسازی سەربازی گشتی؛ لە دۆسیەی سەرپێچییەكانی گرێبەستی نێوان كۆمپانیاو یەكێك لە بەڵێندەران بۆ كڕینی ماددەی ئاسن.
    ئاشكراشیكرد: كە ئۆپەراسیۆنەكە بە پلانگێڕان لەگەڵ هەندێك لە كارمەندانی كۆمپانیاكە ئەنجام دراوە كە بووە هۆی بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی.
    رونیشیكردەوە: فەرمانی داواكردنەكە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی حلە كە تایبەتمەندە بە بینینی كەیسەكانی نەزاهە، بەپێی بڕگەكانی ماددەی (340) لە یاسای سزادان دەركراوە.