سه‌رۆك كۆمار جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی دابینكردنی به‌شه‌ ئاویه‌كان ده‌كاته‌وه‌

سیاسی
  • 2-10-2022, 08:00
  • +A -A

    به‌غداـ INA
    دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق دوێنێ شه‌ممه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی دابینكردنی به‌شه‌ ئاوییه‌كانی كرده‌وه‌ به‌رێگای دیالۆگ.
    به‌پێی راگه‌یندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق دوێنێ شەممە 1 ی تشرینی یەکەمی 2022 لە سلێمانی پێشوازیکرد لە مەهدی رەشید، وەزیری سەرچاوەئاوییەکانی عێراق بەئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە بارەی ئاسایشی ئاو و کێشەکانی ئاو کە رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێتەوە گفتوگۆکرا.
    لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە لە پێویستی پاراستنی سەرچاوەئاوییەکان و کانیاو و بەنداوەکان و پەرەپێدانی پلانە ستراتیژییەکان بە بەشداری هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت و پتەوکردنی کار و هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا، کە بووەتە قەیرانێکی جیهانی. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەگرنگی پاراستنی پشکی ئاوی وڵات کرد لە رێگەی دیالۆگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هەمووان بەبێ زیانگەیاندن بە عێراق، هەروەها هەوڵەکانی حکومەت و وەزارەتی سەرچاوەئاوییەکانی بەرزنرخاند بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو، هاوکات دووپاتیکردەوە لە گرنگی پاراستنی هەردوو رووباری دجلە و فرات.