هه‌ولێرـ INA
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له دوو په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیی جیادا، پیرۆزبایی له‌محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی متمانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و محسن مه‌نده‌لاوی بۆ هه‌ڵبژاردنی به جێگری یه‌که‌می سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق کرد که له دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا به‌ڕێوه چوو.
به‌پێی راگه‌یندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌كۆپیه‌ك بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه" سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ حه‌لبووسی و مه‌نده‌لاوی و کار و ئه‌رکه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق خواست و جه‌ختی له پاراستنی سه‌قامگیری و پێویستیی وڵات به کاری پێکه‌وه‌یی و تێپه‌ڕاندنی ته‌حه‌دی و سه‌ختییه‌کانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسیی وڵات به گفتوگۆ و لێکگه‌یشتن کرده‌وه.
لای خۆیانه‌وه محه‌مه‌د حه‌لبووسی و محسن مه‌نده‌لاوی سوپاس و پێزانینیان بۆ په‌یوه‌ندی و پیرۆزباییی سه‌رۆک نیچیرڤان بارزانی ده‌ربڕی.