بەغداد - INA
فراكیسۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیدانەی بۆردومانی ئێران بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كرد.
فراكیسۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: بەنیگەرانیەكی زۆرەوە، ئیدانەی بۆردومانەكانی ئەمڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەین بۆ سەر چەند ناوچەیەكی عێراق و هەرێمی كوردستان، كە بەهۆیەوە كوژراو و بریندار هەیە و ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری بڵاوكردۆتەوە و ژمارەیەك خێزانیش ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: ئەم پەلامارانە بە پێشهاتێكی مەترسیدار دەزانین بۆ سەر ئارامی و ئاسایش و سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها جەختدەكەینەوە، كە نابێ خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بەكاربهێنرێت بۆ دروستكردنی نائارامی لەسەر وڵاتانی دراوسێی.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە: داوا لە حكومەتی فیدرالی عێراق دەكەین ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ كۆتایی هێنان بەم پەلامارانە كە وڵاتانی دراوسێ دەیكەنە سەر خاكی عێراق.
فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت: پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدەكان دەكەین و هیوای شیفاش بۆ برینداران دەخوازین، هیوادارین ئەو خێزانانەشی ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە بگەرێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.