بەغداد / INA
ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی دەستپاکی فیداڵ ، دەستگیرکردنی دوو کەسی ڕاگەیاند کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی و بەھەدەردانی 417 ملیۆن دینار لە زانکۆی بەسرە.
لە بەیاننامەیەکدا كە لەلایەن بەشی لێكۆڵینەوەی دەستەکە گەیشتووەتە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)، ئاماژە بەوەكراوە، "تیمێکی لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوەی بەسرە توانیویەتی،لەڕێگەی وردبینییەوە، چاودێری دۆسیەكانی ساختەكاری و گەندەڵی لە پارەی گشتی كۆلێژی زانست لە زانکۆی بەسرە بکات.
بەیاننامە روونیشیکردۆتەوە کە "بەڕێوەبەری بەشی وردبینی و بەشی گەنجینەی کۆلێژەکە دەستگیرکراون ، بەهۆی دەستکاریکردنی پسوڵەی ژمێریاری و گەندەڵی بە بڕی (417,030,000) دینار، ھەروەھا تۆمەتبارن بە دەستکاریکردنی (6) لە تۆمارەکانی پسوڵەی ژمێریاری.
لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ھاتوە کە تیمی لێکۆڵینەوەی، دوای بەدوا داچونیان لە نەخۆشخانەی گشتی زوبەیر لەشارەکە ، بۆیاندەرکەوتوە كە نەخۆشخانەكە لە ساڵی 2016دا ئامێرێکی پشکنینی لە جۆری نازووری ڤیدیۆیی لەگەڵ پێداویستییەكانیدا کڕیوە ، بەڵام ئەم ئامێرە کە بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكانی گەدە و ڕیخۆڵە بەكاردەهێنرێت تا ئێستا نەخراوەتە خزمەت نەخۆشەکانەوە ، بەبیانوی ئەوەی کە هیچ پزیشکێکی پسپۆڕ بەردەست نییە بۆ کارکردن لەسەری.
بەیاننامەکەی دەستەی دەستپاکی روونیشیکردۆتەوە، کە ئەمە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئامێرەکە و بەهەدەردانی پارەی گشتی کە بۆ کڕینی تەرخانکرابوو، هەروەها بێبەشکردنی نەخۆش بە سوودوەرگرتن لە خزمەتگوزارییەکان، کە ئەمەش نەخۆش ناچار دەکات سەردانی نەخۆشخانە ئەهلیەکان بکەن و بارگرانی داراییان لەسەر درووستبکات .