واژۆكردنى ياداشتێكى لێكگه‌يشتنى له‌نێوان ‏وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا

ئەمنی
  • 21-09-2022, 15:28
  • +A -A

    هه‌ولێرـINA
    ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/9/21 له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا به‌ سه‌رپه‌رشتيى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز ‏مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و خاتوو سێلێست واڵنده‌ر، ‏ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى و شاندى ‏ياوه‌رى و به‌ڕێزان جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق، ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیران و ڕاوێژکارانی سه‌ربازی‌، ياداشتێكى لێكگه‌يشتن له‌نێوان ‏وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكادا واژۆ كرا.‏
    به‌پێی راگه‌یندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌كۆپیه‌ك بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌" له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وته‌يه‌كى پێشكه‌ش كرد و تيايدا ‏ئاماژه‌ى به‌ قاره‌مانيه‌تيى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆر كرد و تيشكى خسته‌ سه‌ر ‏پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ تێكشكاندنى ‏داعش.‏
    سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها جه‌ختيى له‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى ‏نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر كرده‌وه‌ ‏و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سوپاسى به‌ڕێز مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زيران و فه‌رمانده‌ى ‏گشتيى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراقى كرد.‏
    له‌ وته‌كه‌يدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ پابه‌نديى هه‌رێمى كوردستان به‌ ‏هاوبه‌شێتى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا كرده‌وه‌‌ و سوپاسى ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانى دۆستى كرد بۆ ‏هاوكارى و پشتگيرييان له‌ چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و پرۆسه‌ى ‏يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌.‏
    هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌" ئه‌و ياداشتى لێكگه‌يشتنه‌، پێشه‌نگ بووه‌. دڵنيايى و گه‌ره‌نتى داوه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ دەتوانن له‌ شه‌ڕى دژى داعش به‌رده‌وام بن، هه‌روه‌ها متمانه‌ى بۆ پێشمه‌رگه‌ دروست كرد كه‌ ئه‌مريكاى هاوبه‌ش و هاوپه‌يمانمان بۆ شه‌ڕ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆرستان پشتگيرى له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات.
     
    شه‌ڕى دژى داعش بۆ پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانى كوردستان مايه‌ى شانازييه‌كى گه‌وره‌يه‌ كه‌ هاوشانى سه‌ربازانى ئه‌مريكاى دۆست و هێزه‌كانى ديكه‌ى هاوپه‌يمانان، توانييان تيرۆرستانى داعش تێكبشكێنن. له‌و شه‌ڕه‌دا پێشمه‌رگه‌ به‌ گيان و خوێن، قاره‌مانيه‌تيى خۆى بۆ هه‌موو جيهان سه‌لماند و بووه‌ مايه‌ى سه‌ربه‌رزيى ته‌واوى گه‌لى كوردستان.
     
    لەم ڕۆژەدا سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گيانى پاكى هه‌موو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان داده‌نوێنين كه‌ له‌پێناو پاراستنى هه‌رێمى كوردستاندا گيانيان به‌خشى و شه‌هيد بوون. هه‌ميشه‌ به‌ شكۆوه‌ يادى ئه‌وان و قوربانيدانيان ده‌كه‌ينه‌وه‌.
     
    ئێمه‌ هه‌رگيز هاوكارى و پشتگيريى ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانانی نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و قوربانيدانى هێزه‌كانيان لەپێناو و ئازادی و بەرگریدا، له‌بير ناكه‌ين. گه‌لى كوردستان هه‌ميشه‌ به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ ڕۆڵى كاريگه‌ر و پشتگيريى سه‌ربازيى ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌ڕوانێت و ستايشى ده‌كات.
     
    له‌گه‌ڵ قاره‌مانيه‌تى و قوربانيدانى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق، پشتگيريى ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانان بوو، كه‌ شه‌ڕى دژى تيرۆرى يه‌كلاكرده‌وه‌ و تيرۆرستانى داعش شكان.
     
    له‌ ساڵى 2016ـه‌وه‌ چه‌ندین جار ياداشتى لێكگه‌يشتن له‌نێوان وه‌زارتى پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆندا درێژ كراوه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ش نه‌ده‌كرا ئه‌گه‌ر پشتگيريى كۆنگرێس و ئيداره‌ و حكوومه‌ته‌كانى ئه‌مريكا نه‌بووايه‌. لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێ سوپاسى هه‌موويان بكه‌م. خۆشحاڵين كه‌ ئه‌مجاره‌ش به‌ هه‌وڵى هه‌ردوولا و له‌سه‌ر بنه‌ماى پێويستييه‌كانى قۆناغه‌كه‌، ياداشتێكى نوێ ئيمزا ده‌كرێت.
    خاڵى هه‌ره‌ گرنگى ئه‌م ياداشته‌ ئه‌وه‌يه‌: هه‌ردوولا كۆكن كه‌ داعش هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى جددى و ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هێشتا ئه‌ركێكى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ئه‌مريكا و هاوپەیمانان هه‌يه‌، ئه‌ويش به‌رده‌واميى هاريكاريى‌ هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوولايه،‌‌ تا ئه‌و كاته‌ى به‌ يه‌كجارى داعش له‌ناوببردرێت. ئه‌مه‌ هه‌ر به‌ ته‌نها ئامانجێكى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ئه‌مريكا نييه‌، به‌ڵكو ئامانجى هاوبه‌شى هاوپه‌يمانييه‌كى نێوده‌وڵه‌تييه‌ كه‌ ده‌يان وڵات له‌خۆ ده‌گرێت.
    جگه‌ له‌مه‌، ئه‌م ياداشتى لێكگه‌يشنه‌، وا ده‌كات هاوبه‌شه‌ ئه‌مه‌ريكييه‌كانمان، پێداويستى و كه‌موكوڕييه‌كانى پێشمه‌رگه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌ و هاوكار و پشتيوان بن بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى يه‌كه‌ و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌.
    هه‌ر لێره‌دا ده‌مه‌وێ سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستان دووپات بكه‌مه‌وه‌ بۆ پشتگيرى و هاوكاريى ئه‌مريكا و دۆستانى ديكه‌مان له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هه‌وڵه‌كانيان بۆ يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌. 
    حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موو لايه‌ك دڵنيا بكه‌مه‌وه‌ كه‌ وێڕاى هه‌موو سه‌ختى و گرفته‌كانيش، ئێمه‌ لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جددى و پابه‌ندين به‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ يه‌ك بخه‌ينەوە‌ و پرۆسه‌كه‌ سه‌ربكەوێت. كۆڵ ناده‌ين و له‌ڕووى سياسيشه‌وه‌ به‌رده‌وام كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ين. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان له‌سه‌ر هێڵ و له‌ گفتوگۆی بەردەوامداين.