سەرۆك کۆمار: شۆڕشی ئیمام حوسێن (س.خ) وەرچەرخانێكی مەزن بوو لە پێناو ئازادی و دادپەرورەی

سیاسی
  • 16-09-2022, 21:54
  • +A -A

    د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق 
    بەبۆنەی ساڵیادی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن(س.خ) پەیامێکی ڕاگەیاند وتێدا هاتوە" پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاڕاستەی گەلی عێراق و سەرجەم موسڵمانان و مەڕجەعیەتی باڵای نەجەف دەکەم.

    هەروەها لەپەیامەکەیدا دەڵێت: شۆڕشی ئیمام حوسێن وەرچەرخانێكی مەزن بوو لە مێژوودا، شۆڕشێك بوو لە پێناو ئازادی و دادپەرورەی و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەمكاری، شۆڕشەكەی ئیمام حوسێن و هاوەڵەکانی پەند و وانەیەكی گرنگ بوو كە بۆ هەتاهەتایە بە بەرزی دەمێنێتەوە، شۆڕشی چاكسازی و گۆرانكاری راستەقینە بوو دژ بە ستەمكاری، لەو پێناوەشدا قوربانییەكی مەزنیان پێشكەش بە مرۆڤایەتی كرد. 
    پێوستە پەند و وانە لەو یادە مەزنە وەرگرین و لەواتا و ناوەرۆكە بەهادارەكەی حاڵی بین و وەك میکانیزمێك بۆ چاكسازی راستەقینە و دامەزراندنی دەوڵەتێكی بەهێز كە خزمەتكار و پارێزەری گەل بێت و گوزارشت لە ئیرادەی راستەقینە و مافە رەواكانی گەل بكات لە بنیاتنانی نیشتمانێكی بەهێز و پێگەی شارستانی شایستە لەناو گەلانی ناوچەكە و جیهاندا.
    لێرەوە سڵاوی گەرمی خۆم ئاڕاستەی ئەو ملیۆنەها زیارەتکارانە دەكەم كە لە كاروانی چلەی ئیمام حوسێندا بەرەو كەربەلا بە رێکەوتوون و بەرجەستەی مەزنترین بەها مرۆییە باڵاكان دەكەن، سڵاو و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی ئەو خۆبەخشانەش دەكەم كە خزمەتی زیارەتكاران دەكەن، ئەو خزمەتگوزارییەی ئەوان پێشكەشی دەكەن، بەرجەستەی ئەوپەڕی جوامێڕی و میواندۆستی عێراقییەكانە، هاوكات سڵاو رێزی بێپایانی خۆشم ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکان دەکەم کە ماندوونەناسانە ئەركی پاراستنی ئاسایشی ئەو زیارەتكارانەیان کێشاوە.