بەغداد ـ INA
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، پیرۆزبایی نامەیەک ئاڕاستەی لیز ترەس، سەرۆک وەزیرانی نوێی بریتانیا كرد و دەڵێت: هیوادارە لەم قۆناغەدا پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات زیاتر بەرەوپێش بچن و کاری هاوبەشی زیاتر لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا ئەنجام بدرێن.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتوە، دەڵێت: بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی لیز ترەس، سەرۆک وەزیرانی نوێی بریتانیا کرد، بەبۆنەی دەستبەکاربونی لە پۆستەکەیدا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: لە پەیامەکەیدا بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا و ئاماژەیکرد بە پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵاتی دۆست و پێویستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی هاوبەش لەبوارە جیاجیاکاندا.
ئاشكراشیكرد: سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامەکەیدا ئومێدەوارە کە هەماهەنگی دو لایەنە بەردەوامی هەبێت بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردو وڵات و گەلی دۆست بکات، هەروەها جەخت دەکاتەوە لە گرنگی بەهێزکردنی کاری هاوبەش لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا.