سەرۆک کۆمار ویاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باس لەدواپێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەن

سیاسی
  • 4-09-2022, 22:41
  • +A -A

    بەغداـ INA
    د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 4 ی ئەیلولی 2022 لە بەغدا پێشوازێکرد لە خاتوو باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمار لەڕاگەیندراوێکدا کەکۆپیەک بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕاگەیاند: 

    لەدیدارێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بۆ ئاستێکی بەرزتر لەبوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و ژینگە بە ئاڕاستەی هێنانەئاراوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، هەروەها دووپاتکرایەوە لە پتەوکردنی هەماهەنگی هاوبەش بۆ ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر و بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیجی.
    هەروەها لەبەشیکی دیکەی ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە باس لە پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرا و جەختکرایەوە لە گرنگی کۆتایی هێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە و پێویستی پشتیوانیکردن لە دیالۆگ بۆ کەمکردنەوەی ململانێ و بارگرژییەکان، هەروەها بەگرنگییەوە باس لە رۆڵی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کرایەوە.
    سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی وڵات، سەرۆک بەرهەم ئاماژەیکرد بە هەوڵەکان بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ روو لە چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی، هاوکات خاتوو باربارا لیف جەختی لەسەر پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی و سەلامەتی گەلی عێراق و دیالۆگ بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سیاسی.