هەولێر INA
ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگای سلێمانی، داوایکردووە لەماوەیەکی دیاریکراودا ٥٥ پڕۆژەی وەبەرهێنەران بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و جەختیکردەوە لەوەی هەر بەڕێوەبەرێک کارەکەی پێنەکرێت دەست لەکار بکێشێتەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیران لەڕاگەیندراوێکدا کەکۆپیەک بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە راگەیاند" لەکۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە ٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، دوای ئەوە هات کە قوباد تاڵەبانی لە رۆژی ٢٦ی حوزەیرانی رابردوو لەگەڵ وەبەرهێنەرانی سلێمانی کۆبووەوە و تیایدا وەبەرهێنەران رەخنە و گلەییان هەبوو لە چۆنییەتی هەڵسوکەوت و مامەڵەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی.
هەروەها جێگری سەرۆک وەزیران نیگەرانی خۆی دەربڕی لە سستی بەڕێوەچوونی کاروباری وەبەرهێنەران لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی و رایگەیاند هاوڵاتیان خۆیان بە دەست کۆمەڵێک کێشە و قەیرانەوە دەناڵێنن، بۆیە مایەی قبوڵکردن نییە بارگرانی سەرشانی هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران زیاتر بکەن. وتیشی ئەو بەڕێوەبەرەی خەمساردی لەکارەکانی دەکات بابچێتەوە ماڵەوە.
لەبەشێکی دیکەی ڕاکەیندراوەکەدا هاتووە کە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا کە رێگە نادرێت جوڵەی بازرگانی لە سلێمانی لەوە زیاتر لاواز بکرێت و وەبەرهێنەران ناچاربکرێن سەرمایەکانی خۆیان ببەنە دەرەوە، چونکە بەمە زیانی گەورە بەر سلێمانی کەوتووە و دانیشتوانی شارەکە بە هەزاران هەلی کاریان لە کیس چووە. باسی لەوەشکرد کاتێک پڕۆژەی وەبەرهێنەرێک دێتە بەردەستتان، ئێوە وەک وەرقەیەکی سادە سەیری دەکەن، کەچی ژیان و قوتی سەدان کەس بەو وەرقە سادەوە گرێدراوە و لەوانەیە تەنها بەهۆی کەمتەرخەمی بەڕێوەبەرێکەوە سەدان هەلی کار لە کیس بچێت.
قوباد تاڵەبانی داواشی لێکردن هەر لە دوای کۆبوونەوەکە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان وەک یەک تیم کاربکەن بۆ ئەوەی هەماهەنگی تەواو لەناو خۆیاندا دروست بکەن تاکو لەماوەی کەمتەر لەمانگێک سەرجەم پڕۆژەکان بکەونە کار. جەختیشی کردەوە خۆی راستەوخۆ ئاگاداری پڕۆژەکان دەبێت و لەهیچ کەس و لایەنێک قبوڵ ناکرێت سەرانە و بەرتیل وەربگرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران پشتگیری تەواوی خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان دەربڕی بۆ ئەوەی بەپێی یاسا هەموو دەسەڵاتەکانی خۆیان بەکاربهێنن بۆ کارئاسانیکردن و ڕاییکردنی کاروباری وەبەرهێنەران و هاوڵاتیان و راشیگەیاند بۆ هەر کارێکی باش کە خزمەت بە هاوڵاتیان بکات بە تەواوی توانایەوە پشتیوانیان دەبێت و رووبەڕووی هەر کەسێکیش دەبێتەوە کە بۆ کاری نایاسایی فشاربخاتەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکان و دەستوەردان لە کارەکانیاندا بکەن.
قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری دا کە بۆ ئەم پڕۆژانەی لەبەرەستی بەڕێوەبەرایەتییەکاندان، هیچ وەبەرهێنەرێک نابێت خۆی فەرمانگە بە فەرمانگە بگەڕێت تا کارەکانی جێبەجێ ببێت، بەڵکو دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکان خۆیان میکانیزمێک بدۆزنەوە و ئەگەر پێویستی کرد فەرمانبەرەکانیان رابسپێرن تا بە دوای جێبەجێکردنی کاری وەبەرهێنەران لە فەرمانگەکانی دیکە بکەون.
.