هەولێر - INA
رۆژانی 24 تا 29-8-2022 بەبەشداریی 29 یاریزانی شارەكانی هەولێر و سڵیمانی و كەركوك و دهۆك، لەهۆلێ یانەی شەترەنجی خانزاد پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی و كلاسیكی شەترەنجی زۆنی كوردستان (ناوچەی دوو/ ZONE TWO) بۆ ساڵی 2022 لەلایەن لقی هەولێری یەكێتی شەترەنجی عێراق رێكخرا و تیایدا (د. دیار جەزا بەكر) پلەی یەكەمی پالەوانێتییەكەی دەستەبەركرد.
ئەمەش بەئامادەبوونی بەڕێزان ئەسعەد ئیسماعیل جێگری سەرۆكی یەكێتی شەترەنجی عێراق و مامۆستا ئازاد دیبەگەیی سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی شەترەنجی عێراق و د.پشتیوان شێخ ئەحمەد سەرۆكی ئەكادیمیای شەترەنجی هەولێر و ئەكادیمیای یەكێتی شەترەنجی ئاسیا لقی عێراق/ هەولێر و د.دلزار حەمەساڵح سەرۆكی یانەی شەترەنجی خانزاد و ژمارەیەكی زۆر لەشەترەنجزانان.
پاش بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتی زۆنی كوردستان، یانەی شەترەنجی خانزاد بەناوی سەرۆك و ئەندامانییەوە پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەی د. دیار جەزا-ی یاریزانی یانەكەیان كرد لەبەرامبەر بەدەستهێنانی رێتێكی بەرز و ئەمەش بەدەستكەوتێكی مەزن دادەنێن بۆ یاریزانی ناوبراو و یانەكەیان و هەروەها راهێنەرە بەڕێزەكانی یانەكەیان. ئومێدی ئەوەش دەخوازن یاریزانی ناوبراو و سەرجەم یاریزانانی تری یانەكەیان ئەنجامی زیاتر و دەستكەوتی بەرزتر دەستەبەربكەن و لەكۆتاییشدا دەستخۆشی تایبەت بۆ رێكخەرانی پاڵەوانێنییەكە و ناوبژیوانانی پاڵەوانێتی زۆنی كوردستان دەخوازن.