وته‌بێژی هاتووچۆی هه‌ولێر: مۆڵه‌تی نوێی شۆفێری وه‌كو بنكه‌یه‌كی داتایه‌‌ و هه‌نگاوێكیشه‌ به‌ره‌و حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنی

ناوخۆ
  • 29-08-2022, 11:13
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INAـ عوسمان باشقالی

    له‌م مانگه‌دا مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو یه‌كه‌م كه‌س مۆڵه‌تی شۆفێری خۆی به‌سیسته‌می نوێ نوێكرده‌وه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ بو جێگای پرسیار و تێبینی هاوڵاتیان ئایا ئه‌م سیسته‌مه‌ نوێیه‌ چییه‌ و خه‌رج و رسوماتی چه‌نده‌ و چ جۆره‌ خزمه‌تێك پێش كێش به‌هاوڵاتیان ده‌كات..؟ ئایا جیاوازی چییه‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌می كۆن و هاوڵاتی چۆن ده‌توانێت ئه‌م مۆڵه‌ته‌ نوێیه‌ وه‌ربگرێت؟ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (INA) ئه‌م دیداره‌ له‌گه‌ڵ عه‌قید فازل حاجی حوسێن به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر سازكرد. 

    جیاوازی ئه‌م مۆڵه‌ته‌ چییه‌ له‌گه‌ڵ مۆڵه‌تی پێشتر؟ 

    عه‌قید فازل حاجی حوسێن: جیاوازی ئه‌م مۆڵه‌ته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وی پێشتر ئه‌وه‌یه‌  ئه‌كه‌ر له‌رووی كوالێتیه‌وه‌ باس بكه‌ین ئه‌مه‌ وه‌كو بنكه‌یه‌كی داتا وزانیاری ده‌بێت وه‌زاره‌تی پلاندانان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن سوودی لێی وه‌ربگرن، چونكه‌ هه‌ر چی زانیاری هاوڵاتی هه‌یه‌ داخیلی ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌كرێت، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و كارته‌ی ده‌درێت به‌هاوڵاتی كوالێتی زۆر پێشكه‌وتووه‌ پێشتر له‌سه‌ر كارتێكی ئاسایی چاپ ده‌كرا و زوو له‌ناوده‌چوو، به‌ڵام ئێستا له‌سه‌ر كارتێكی پلاستیكی پێشكه‌وتووه‌ وجێ ره‌زامه‌ندی هاوڵاتیشه‌، هه‌روه‌ها هه‌نگاوێكیشه‌ بۆ حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنی كه‌ رۆلی قاغه‌ز نامێنێت، به‌رێوبه‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر یه‌كه‌م فه‌رمانگه‌ی‌ له‌حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنی،هه‌روه‌ها هاوڵاتی به‌كلیكێك ده‌توانێت هه‌موو زانیاریه‌كانی خۆی ببێنته‌وه‌ وله‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر هاوڵاتیه‌ك له‌هه‌ولێر مۆڵه‌تی شۆفێری وه‌رگرتبێت زۆر به‌ئاسانی ده‌توانێت له‌سلێمانی یان دهۆك یان هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان مۆڵه‌تی خۆی نوێ بكاته‌وه‌ كه‌پێشتر ئه‌مه‌ نه‌ده‌كرا. 

    ئایا ئه‌م مۆڵه‌ت به‌چ جۆر وسیسته‌مێك به‌هاوڵاتیان ده‌درێت؟ 

    به‌رپرسی راگه‌یاندنی هاتووچۆی هه‌ولێر: پێشتر كارمان به‌سیسته‌می عێراقمان ده‌كرد و ته‌نها چوار جۆری مۆڵه‌تمان هه‌بوو ( تایبه‌ت ، گشتی ، كشتوكاڵی وئینشائی ، ماتۆر سكیل)، به‌پێی مه‌رجه‌كان ماتۆرسكیل بۆی هه‌بوو له‌ته‌مه‌نی 16 ساڵی مۆڵه‌ت وه‌ربگرێت ومۆڵه‌تی تایبه‌تیش له‌18 ساڵی و گشتیش له‌20 ساڵی وه‌ربگرێت، گشتی به‌ساده‌ترین جۆره‌كه‌ی چ بوو؟ كه‌سێك ده‌چوو ترایه‌كی پێده‌كرا به‌كه‌یایه‌كی دوو تونی له‌دوایی وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت بۆی هه‌بوو قاتیره‌ و مه‌قتووره‌ یان پاسێكی 44 نه‌فه‌ری لێبخوریت، به‌ڵام له‌سیسته‌می نوێدا، هه‌ر كه‌سێك مۆڵه‌ت وه‌ربگرێت ته‌نها جۆری بی (B) پێده‌ده‌رێت كه‌ئه‌مه‌ ده‌كاته‌ مۆڵه‌تی تایبه‌ت كه‌ده‌توانێن ئۆتۆمۆبێلی بچووك له‌گه‌ڵ پیكه‌ب لێبخوریت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیه‌وێت بگۆرێت بۆ گشتی ده‌بێ ساڵێك به‌سه‌ر جۆری بی دا تێپه‌ر ببێت و ته‌مه‌نی ئه‌و كه‌سه‌ش 20 ساڵ بێت و دووباره‌ ترایه‌ك پێده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ده‌رنه‌چوو مۆڵه‌ته‌كه‌ بۆی ناگۆدرێت و ناتوانێت ئۆتۆمۆبێلی بارهه‌ڵگر و پاسی نه‌فه‌رات لێبخورێت. 

    بۆ ده‌رخستن و نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌م مۆڵه‌ته‌ نوێیه‌ چه‌ند پاره‌ له‌هاوڵاتیان وه‌رده‌گرێت؟ 

    عه‌قید فازل حاجی: بۆ نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ت هه‌موو خه‌رجی و رسوماته‌كان ده‌كاته‌ (65000) شێست و پێنچ هه‌زار دینار، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مۆڵه‌ته‌كه‌ ماوه‌ی نوێ كردنه‌وه‌ی به‌سه‌ر چۆبێت، ئه‌مه‌ دوو جۆره‌ یه‌كه‌م: ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ی كه‌ له‌ساڵی 1990 تا 2019 به‌سه‌رچۆنه‌ ته‌نها  (15000) پانزده‌ هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام له‌ 2019 وه‌ تا ئێستا 2022 چونكه‌ رێنمایی نوێ ده‌رچووه‌ بۆ هه‌ر ساڵێك به‌سه‌رچۆنی مۆڵه‌ته‌كه‌ بڕی (30000) سی هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام له‌م مۆڵه‌ته‌ نوێیه‌ جیاوازه‌، له‌مۆڵه‌تی كۆن ئه‌گه‌ر یه‌ك رۆژ به‌سه‌رداچۆبێت هه‌ر سی هه‌زار بوو به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا نا.. بۆ ئه‌وانه‌ی ناو هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌تا مانگێك هیچ پاره‌یه‌ك وه‌رناگیرێت و بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی عێراق دوو مانگ هیچ پاره‌یه‌ك لێینا وه‌رناگیرێت.. له‌پاش ئه‌م ماوه‌یه‌ بۆ هه‌ر مانگێك (5000) هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت. 

    ئایا ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌می عێراق جیاوازی هه‌یه‌ وهیچ هه‌ماهه‌نگیه‌ك له‌گه‌ڵ هاتووچۆی عێراق له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌؟ 

    وته‌بێژی هاتووچۆی هه‌ولێر: به‌ڵی ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌می عێراق جیاوازی هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ كه‌سێك مۆڵه‌تی به‌غدایی پێیه‌ به‌ڵام له‌لایه‌ن پۆلیسی هاتووچۆوه‌ گومان ده‌كرێت مۆڵه‌ته‌كه‌ سه‌خته‌یه‌ یه‌كسه‌ر ئیملێك ده‌كرێت بۆ هاتووچۆی به‌غدا ئه‌وان ته‌كیدی ده‌كه‌نه‌وه‌ ئایا ئه‌م مۆڵه‌ته‌ راسته‌ یان سه‌خته‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌ر هاوڵاتیه‌كی عێراقی ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تی نیشته‌جێی هه‌بێت ده‌توانێت مۆڵه‌تی شۆفێری وه‌ربگرێت و هه‌ر هاوڵاتیه‌كی كوردستانی ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تی عێراقی هه‌بێت هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌ و باوه‌رپێكراوه‌. 

    ئایا هه‌ر كه‌سێ مۆڵه‌تی شۆفێری هه‌یه‌ ده‌بێت مۆڵه‌تی خۆی نوێ بكاته‌وه‌؟ 

    عه‌قیدی فازل حاجی حوسێن: نه‌خێر ته‌نها ئه‌وانه‌ی كه‌ مۆڵه‌تیان به‌سه‌رچوویه‌ ده‌بێت نوێ بكه‌نه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك بێت و مۆڵه‌تی خۆی نوێ بكاته‌وه‌ به‌بێی ئه‌وه‌ی ماوه‌ی به‌سه‌ر چووبێت ئه‌وا رسومات و خه‌رجه‌كان دوو ئه‌وهینده‌ لێی وه‌رده‌گیرێت ته‌نها ئه‌گه‌ر ماوه‌كه‌ی شه‌ش مانگ مابێت رسومات و خه‌رجی ئاسایی لێی وه‌رده‌گیرێت. 

    هاتووچۆی هه‌ولێر زۆر قه‌ره‌غا و بالغی له‌سه‌ر بوو وببو جێ گله وگازنده‌ی هاوڵاتیان كه‌ناتوانن سه‌ردانی بكه‌ن و كاره‌كان زوو به‌رێوه‌ ناچن ئایا ئه‌م كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر كراوه‌؟ 

    وته‌بێژی هاتووچۆی هه‌ولێر: هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م كێشه‌یه‌ خواستی هاوڵاتیانه‌ بۆ ژماره‌ی هه‌ولێر ئه‌گینا له‌سلێمانی و دهۆكیش هه‌مان به‌رێوبه‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌یه‌ و هه‌مان كار ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌وامی به‌رێوبه‌رایه‌تی هانووچۆی هه‌ولێر درێژمان كردووه‌ تا شه‌شی ئێواره‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌رفه‌ت به‌هاوڵاتیان بدرێت و كاره‌كانیان زیاتر جێبه‌جێ بكرێن.