بەغداد/ INA
ئەمڕۆ سێ شەممە" عەلی حەمید دلێمی " وەزیری پەروەردە، پلانی فراوانکردنی بازنەی خۆراکدانی قوتابخانەکانی پشتڕاستکردەوە بۆ ئەوەی بگاتە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق.
لە راگەیەندراوێكی وەزارەتەكەدا، كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە "عەلی حەمید دلێمی" وەزیری پەروەردە پێشوازی لە"كۆرین فلایشەر" بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراكی جیهانی (WFP) بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و وەفدی یاوەری کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش ھاتوە لە سەردانەکەدا باس لە ئەگەری فراوانکردنی بەرنامەی خۆراکدانی قوتابخانەکان کراوە بۆ ئەوەی دەرفەتی باشتر بۆ هەموو منداڵانی پێویست دابین بکرێت، یارمەتیان بدات بەردەوام بن و لە قوتابخانە بمێننەوە، هەروەها پشتگیریی پێویستیان بۆ دابین بکرێت بۆ پەروەردەکردنیان و بنیاتنانی داهاتوویان.
ھەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری پەروەردە جەختی لەوە کردەوە کە "وەزارەتی پەروەردە پاڵنەرێکی لەمێژینەی خۆراکدانی قوتابخانەکانە، و بە پایەیەکی سەرەکی دەزانێت بۆ یارمەتیدانی منداڵان بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی خوێندن، هەروەها بەرنامەی خۆراکدانی قوتابخانەکان سەلماندوویەتی کە گرنگە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە پەروەردەدا، و بەرزکردنەوەی فۆکۆسی منداڵان و پەرەپێدانی توانا دەروونییەکانیان.
لە درێژەی قسەکانیدا دلێمی وتی، "توانیمان 35 هەزار قوتابی بگەڕێنینەوە بۆ قوتابخانە لەو پارێزگایانەی کە پڕۆژەی خۆراکدانی قوتابخانەکانیان تێدا جێبەجێکرا، ئێستاش لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە پرۆگرامی خۆراکی جیهانی کاردەکەین بۆ داڕشتنی ستراتیژێک بۆ فراوانکردنی بازنەی کارکردن، دوای ئەوەش دەستکەوتی بەرچاوی بۆ پرۆسەی پەروەردەیی بەدەستهێنا و چارەسەری دیاردەی وازهێنانی قوتابیانی لە قوتابخانەکان کردوە ،ئاواتمان بۆ ئەم پڕۆژە گرنگە ئەوەیە کە لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا جێبەجێ بکرێت.
ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە لە لایەن خۆیەوە بەڕێوەبەری هەرێمی پرۆگرامی خۆراكی جیهانی (WFP) بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی " ئومێدێكی زۆرم هەیە كاتێك سەردانی وەزارەتی پەروەردە دەكەم، چونكە ئێوەش بەشێكن لەو قوتابخانەی هاوپەیمانی بەرنامەی خۆراک کە لە کۆتاییدا بەهێزکردنی داهاتووی ملیۆنان منداڵی قوتابخانەکانی پێوە بەستراوە.