هەولێر -INA
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كوڕێكی تەمەن 31 ساڵ لە سلێمانی كچێكی تەمەن 20 ساڵی رفاندووە و بۆ هەولێری هێناوە، وەكو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەدواداچوونی فەرمانی دەستگیركردنی كوڕەكەمان كرد، كە بەپێی ماددەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو، توانیمان ئەو كەسە دەستگیر بكەین و كچەكەش رادەستی كەسوكاری بكەینەوە.
وتیشی: "تۆمەتبارەكە رادەستی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەكەینەوە، بۆ ئەوەی رێكاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر و ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ بكرێت".
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێرئاماژەی بەوەدا كە "ئێمە وەكو پۆلیسی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان، هاوئاهەنگیی تەواومان هەیە و درێخی لە دەستگیركردن و رەوانەكردنەوەی تۆمەتباران بۆ ئەو شوێنەی تاوانیان تێدا كردووە، ناكەین."
ناوبراو، راشیگەیاند: لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا پۆلیسی هەولێر زیاتر لە 130 تۆمەتباری دەستگیركردووە و رادەستی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و پارێزگای و ئیدارە سەربەخۆكانی كردونەتەوە، كە لەو شوێنانە سكاڵای یاساییان لەسەر تۆماركراوە.