بەغداد/ INA
لە هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، بەرهەم سالح سەرۆک کۆماری عێراق دووپاتدەکاتەوە لەگرنگی قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و راپێچکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا تاوەکو بە سزای خۆیان بگەن
لەبەیاننامەیەکی سەرۆک بەرھەم ساڵح کە بۆ ئاژانسی ھەواڵی عێراقی(INA) ھاتوە رایگەیاندوە کە بە ئازارێکی زۆرەوە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەکەینەوە کە چەتەکانی داعش دژ بە رۆڵەکانمان ئەنجامی دا و مەرامیان بوو ناسنامەی ئێزیدییەکان بە یەکجاری بسڕنەوە، ئەو تاوانە لاپەڕەیەکی خەمبار و ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند، چونکە تیرۆرستان جیاوازییان نەکرد لە نێوان پیاو و ژن و منداڵ و بەساڵاچووان، بۆیە بەیەکێ لە ترسناکترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخ پێناسە دەکرێت.
ھەرلەبەیاننامەکەی سەرۆک کۆماردا ھاتوە " بەسزا گەیاندنی تاوانبارانی ئەو تاوانە قێزەونە ئەرک و مافە، بۆیە دووپاتدەکەینەوە لەگرنگی بەردەوامبوونی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون لەو تاوانەدا دژ بە مرۆڤایەتی راپێچی بەردەم دادگا بکرێن و بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن، هەروەها جەختدەکەینەوە لە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان و بە دۆکیومێنتکردنی، تاوەکو وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
لەکۆتایی بەیاننامەکەی سەرۆک کۆماردا ئاماژە بەوەدراوە پەسەندکردنی یاسای رزگاربووانی ئێزدییەکان ئەرکێکی بچوک بوو ئەنجاممان دا، بۆیە پێویستە بەردەوام بین لە کارکردن بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، هەروەها چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال، هاوکات دووپاتدەکەینەوە لە پتەوکردنی هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی 2700 کوڕ و کچ، کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە و شادکردنەوەیان بە کەسوکاریان.