دەستەی دەسپاكی: لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی 72 بەرپرسی پلە باڵا و پلە تایبەت كراوە

ناوخۆ
  • 2-08-2022, 17:26
  • +A -A

    هەولێر -INA
    سەرۆكی دەستەی دەسپاكی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەلایەن دادوەرانی دەستەكەیانەوە وەك تۆمەتبار لێكۆڵینەوەیان لە دۆسیەی 72 بەرپرسی پلە باڵا و تایبەت كردوە، لە نێویشیاندا 6 وەزیر  هەیە.
ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی لە هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی تییدا ئامادە بوو وتی، لە ساڵانی 2017 بۆ 2022 دا لەلایەن دادوەرانی لێكۆڵینەوەی دەسپاكییەوە وەك تۆمەتبار لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی 72 بەرپرسی پلە باڵا و پلە تایبەت كراوە.
سەرۆكی دەستەی دەسپاكی رونیشیكردووەتەوە، ئەوانیش پێكهاتوون لە 6 وەزیر، یەك سەرۆكی دەستە، 6 بریكاری وەزیر، یەك پەرلەمانتار، 5 راوێژكار، 34 بەڕێوەبەری گشتی، یەك پارێزگار، 5 قایمقام، 4 سەرۆكی فەرمانگە و 8 ئەندامی ئەنجومەن. 
ئەحمەد ئەنوەر جەختی لەوەش كردووەتەوە، لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا 799 دۆسیە لە دەستەكەیان تۆماركراوە، 138 دۆسیەیان رەوانەی دادگاكان كراون، ئەمساڵیش 40 دۆسیەی دەستەی دەسپاكی لە دادگاكان یەكلایكراوەتەوە.
رونیشیكردوەتەوە، بەشێك لەو سزایانەی لەسەر دۆسییەكانی گەندەڵی لە دادگاكان دەركراون سزای سوكن، پێی وایە دەبێت سزاكان توندتر بن بۆ بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی.
    وتیشی، "دەستەی دەستپاکی هەر سکاڵایەکی پێبگات سەبارەت بە پرسی گەندەڵی بەرپرس و پلە تایبەتەکان، لە سەرەتادا لێکۆڵینەوە دەکات و زانیاری لەسەر ئەو کەسە کۆدەکاتەوە، بەڵام دادگایکردن و سزادانی  تۆمەتباران لە دەسەڵاتی دادوەرانی دەستەی دەستپاکیە".