بەغداد/ INA
ئەمڕۆ یەک شەممە "ئەنتۆنیۆ گۆتیرش" سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە لایەنە سیاسیەکانی عێراق کرد هەنگاوی کاریگەر بنێن بۆ هێوربوونەوە و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی.
جەختیشی لە گرنگی پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانیی کاریگەر کردەوە.
"ئەنتۆنیۆ گوتیریش " لە بەیاننامەیەکدا کە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، رایگەیاند"بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی عێراق دەکەم، کە لەو ماوەیەدا خەڵکێکی زۆر زامداربوە .
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتیانە لە مافە سەرەتاییەکانن کە دەبێت لە هەموو کاتێکدا ڕێزیان لێ بگیرێت.
"ئەنتۆنیو گۆتیریش" داوای لە هەموو لایەنە سیاسیە پەیوەندیدارەکان کرد کە هەنگاوی دەستبەجێ بنێن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی زیاتر و دڵنیابوون لە پاراستنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و دامەزراوەکانی دەوڵەت.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای لە هەموو لایەنەکانیش کرد "لە سەرووی جیاوازییەکانیانەوە ھەوڵی پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانی کاریگەربدەن ،لەڕێگەی دیالۆگی ئاشتیانە و گشتگیرەوە، کە بتوانێت داواکارییە درێژخایەنەکانی چاکسازی جێبەجێ بکات، بەبێ دواکەوتنی زیاتر.