بەغداد – ا ه ع تۆڕی راگەیاندنی عێراقی رۆژی یەك شەممە، ئاهەنگێكی گەورەی بەبۆنەی جەژنی جیهانی ژنانەوە رێكخست كە مەیسون دەمەلۆجی سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و زكرا عەلوش ئەمینداری بەغداد و موئەیەد لامی نەقیبی رۆژنامەنوسان و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و رۆژنامەنوسان و هونەرمەندان ئامادەیبوون. ئاهەنگەكە لەلایەن موجاهید ئەبو هەیل سەرۆكی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی كرایەوە و وتەیەكی بەوبۆنەیەوە پێشكەشكرد و تیایدا رۆڵی ژنانی شان بە شانی پیاوان بەرزنرخاند، وتیشی جەژنی ژنان بە واتای جەژنی نیشتمان و سەركەوتن و بنیاتنان دێت، رۆژی ژنان ئەو جەژنەیە كە ئاهەنگ دەگێڕین وەك رێزلێنان لە دایك و هاوسەر و خوشك و خۆشەویست كە شان بەشانی پیاوان وەستان و سەركەوتن بەدیهات. لەپەراوێزی ئاهەنگەكەشدا ئەبوهەیل پێشانگایەكی شێوەكاری كردەوە كە 15 هونەرمەندی ژن بەشدارییان تێدا كردبوو. لای خۆیەوە مەیسون دەمەلۆجی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو ئاهەنگەی كە لەلایەن تۆڕی راگەیاندنی عێراقییەوە رێكخرابوو بە رێزلێنانێكی گەورە بۆ ژنان وەسفكرد كە ژنانی رۆژنامەنوس رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و ژیانیان لە مەترسیدابوو بە تایبەت لە شەڕی رازگاركردنی موسڵ.