بەغداد - INA
پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە، مەرجەكانی بۆ دەنگدان بە كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری كرد، و جەختیشی لەسەر پێویستی دانوستانی زیاتر لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كردەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار.
چیای تەیمور پەرلەمانتاری پارتی بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: دانوستانەكان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی تا ئێستا نەگەیشتوەتە ئەنجامێك لە نێوان هەردوولادا، هەفتەی ڕابردوو دوو خولی گفتوگۆ هەبوو و وەفدی دانوستانكاری پارتی بە سەرۆكایەتی فواد حوسێن ڕۆیشت و لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی پاڤڵ تاڵەبانی و سەركردەكانی ئەو حزبە كۆبووەوە.
رونیشیكردەوە: سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوو ڕۆژ دواتر سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كرد و دانوستانی چڕوپڕیان ئەنجامدا بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو.
ئاشكراشیكرد: دیارە ئێمە پێویستمان بە دانوستانی زیاتر هەیە ئەوە دیاری دەكات كە ئایا لەگەڵ هەرلایەنەو بە كاندیدی خۆی بڕواتە ناو پەرلەمان یان لەسەر یەك كاندید كە نوێنەرایەتی كورد بكات بۆ ئەم پۆستە ڕێكبكەوین، وتیشی: بەرهەم ساڵح لە ساڵی 2018دا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەڵبژێردرا و ئێمە هەر كاندیدێك قبوڵ دەكەین چونكە دیموكراسی نوێنەرایەتی ڕای خەڵك دەكات.
راشیگەیاند: مەرجە یەكەمەكانی پارتی دیموكراتی بۆ پێكهێنانی حكومەت تەوافوق و هاوبەشیە، رونیشیكردەوە: مەرج هەیە بۆ هەر سەرۆك وەزیرانێكی سەركەوتوو كە ئەویش سفركردنەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و سنورداركردنی چەك بۆ هێزە ئەمنییەكان و دڵنیابوون لەوەی كە ئەوانی تر دەست لەكاروباری عێراق وەرنەدەن.