وەزارەتی ناوخۆی هەرێم چەند رێنماییەكی داماڵینی چەکی دەركرد

ئەمنی
  • 24-07-2022, 17:37
  • +A -A

    هەولێر-INA
    وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنماییەکانی داماڵینی چەکی بێ مۆڵەتی بڵاوکردەوە و 
    لە نووسراوێكدا كە كۆپییەكی دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوت تێیدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێم تێیدا هاتووە: 12 بنکەی کۆکردنەوەی چەکی جەنگی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەکرێنەوە و پێویستە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەو چەکە جەنگیانە رادەستی بکەن.
    هەروەها باسیش لەوە كرد كە: "وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایش 12 لیژنە پێکدەهێنێت بە مەبەستی وەرگرتنەوەی چەکی جەنگی و تەقەمەنییەکان لە بنکەکانی وەرگرتن.
    ئاماژە بەوەشکراوە: "وەزارەتی ناوخۆ شوێنی بنکەکان دیار دەکات و گشتاندنی پێدەکات.
    لە رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ روونکراوەتەوە: "تۆمارکردنی چەکی ئاگرین وەک کلاشینکۆف و هاوشێوەکانی کە قەبارەی فیشەکیان 39 تا 7.62ملیم زیاتر نەبێت و چەکی جۆری دەمانچە و تەقەمنییەکانی کە قەبارەی فیشەکی لە 9ملیم زیاتر نەبێت".
    وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە خاڵێکی رێنماییەکان ئاماژەی بەوە كردووە كە: "چەکی تۆمارکراو لەلای خاوەن چەک دەمێنێتەوە بە مەرجێک بەڵێننامە پڕ بکاتەوە کە چەکەکەی لە ماڵەوە دابنێت یان شوێنێکی پارێزراو، بە هیچ شێوەیەک هەڵنەگرێت و بەکاری نەهێنێت و نەیبەخشێت و نەیفرۆشێت".
    هەروەها هاتووە  : "لیژنەیەکی باڵا پێکدەهێنرێت لە وەزارەتی ناوخۆ بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ و ئەندامیەتی بریکاری وەزارەت، راوێژکاری یاسایی وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتی دیوان، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیس، نوێنەری دەزگاکانی ئاسایشی هەرێم، نوێنەری دەزگای ئاسایش، نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە، کە پلەی هیچ کامیان لە بەڕێوەبەری گشتی کەمتر نەبێت، بە مەبەستی سەرپەرشتی کردنی پرۆسەی داماڵینی چەک لە هەرێمی کوردستان هەر 30 رۆژ جارێک کۆدەبنەوە".