بەغداد ـ INA
فواد حوسێن وەزیری دەرەوە ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: ڕۆڵی عێراق لە لوتکەی عەرەبی گرنگ دەبێت كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم لە جەزائیر بەڕێوەدەچێت.
حوسێن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا جەزائیریەکەی ڕامتان لعمامرە لە بەغداد كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیبوو، رایگەیاند: عێراق و جەزائیر وڵاتانی نەوتین و دۆسیەی وزەش لە ئاستی جیهانیدا زۆر گرنگە، وتیشی: ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ هاوتا جەزائیریەکەمان کرد لەبارەی ڕەهەند و کاریگەرییەکانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهان.
ئاشكراشیكرد: گروپی پەیوەندی عەرەبی بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕوسیا و ئۆکرانیا پێکهێنراوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی وەستاندنی شەڕ.
رونیشیكردەوە: كە لەگەڵ هاوتا جەزائیریەکەیدا پرسی کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم تاوتوێکرد، و وتیشی: ڕۆڵی عێراق لە لوتکەی عەرەبی گرنگ دەبێت.
هەروەك رایگەیاند: لەگەڵ هاوتا جەزائیرەکەمان باسمان لە هێرشی تورکیا بۆ سەر دهۆك و هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی عێراق بۆ وەڵامدانەوەی كرد.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوەی جەزائیر تەئکیدیکردەوە: پەیوەندیکردن لەگەڵ عێراق زۆر گرنگە و وتیشی: جەزائیر پشتگیری بەهێزکردنی پێگەی عەرەب دەکات لە کارلێککردن لەگەڵ ڕووداو و بەرەنگارییە نێودەوڵەتییەکان و سەپاندنی کاریگەری ئەم ئامادەبوونە.
ئاشكراشیكرد: جیهان خەریکە لە ڕووی پێکهاتەییەوە دەگۆڕێت لە دوای قەیرانی کۆرۆنا و شەڕی ئۆکرانیا، وتیشی: لوتکەی عەرەبی لە 1 و 2ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت.
جەختیكردەوە: ئێستا پێویستە پەیوەندی عێراق و جەزائیر قوڵتر بکەنەوە" هەروەها ئەوەشی وت " پەیامی هێز و هاوکاری لە سەرۆک عەبدولمەجید تەبوون لەگەڵ عێراق هێناوە.
وتیشی: ئێمە لە هاودەنگی لەگەڵ پرسی فەلەستین وەستاوین و کاردەکەین بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان لەوێ.