بەغداد -INA
باڵیۆزخانەی كەنەدا ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی لە گرنگی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی ورد كردەوە لە بۆردوومانەكانی توركیا بۆ سەر باكوری عێراق، و جەختیشیكردەوە لەسەر پێویستی لایەنەكانی ململانێكە بۆ ئەوەی هەموو تواناكانیان بخەنەگەڕ بۆ جیاكردنەوەی خەڵكی سڤیل و شەڕكەر.
باڵیۆزی كەنەدا لەعێراق گریگۆری جالیجان لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، رایگەیاند: سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم بۆ سەرجەمی خێزان و دۆستانی ئەو كوژراو و بریندارانە دەردەبڕم كە لە بۆردومانەكەی زاخۆ لە عێراق ڕوویدا.
جەختیشیكردەوە: پێویستە هەموو شتێك كە لە تواناماندایە بكەین بۆ جیاكردنەوەی نێوان هاوڵاتییە بێ چەك لە شەڕكەرەكان، وتیشی: گرنگە لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەو ڕووداوە ئەنجام بدرێت.