هەولێر - INA
ئەمڕۆ سێشەممە بە سەرپەرشتی كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا ئەنجومەنی وەزارەتی كارەبا كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێك دەركرا، لەوانەش، نەهێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەكانی كارەبا و گەڕانەوەی داهاتی وەزارەتی كارەبا.
وەزارەتی كارەبا لە راگەیەندراوێكدا كە كۆپییەكی دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە تێیدا ئاماژەی بەوەكرد:" ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزارەتی كارەبا بە سەرپەرشتی وەزیری كارەبا كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا و لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی كارەبا-یان تاوتوێكرد".
لە راگەیندراوەكە هاتووە :" لە كۆبوونەوەكەدا، وێڕای تاتوێكردنی دۆخی كارەبا چەند بڕیارێكیش دەركرا:
١-نەهێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەكانی كارەبا، هەڵمەتی بڕینی سەرپێچییەكان بە ئامادەبوونی دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەست پێ دەكات. سەرپێچییەكانی سەر تۆڕەكانی كارەبا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و شاڕۆچكەكان لە رێگەی پێوەری زیرەكەوە دەستنیشان كراون و هەفتانە بەدواداچوونیان بۆ دەكرێت
٢-گەڕانەوەی داهات، زۆربەی پڕۆژە و تێچوونی سیانەكان و كاروباری وەزارەت لەسەر پشكی لە (8٪)ی داهاتی كارەبا جێبەجێ دەكرێن
٣-وەزارەتی كارەبا لە رووی یاسایی و كردەییەوە كار بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی دەكات".