بەغداد/ INA
ئەمرۆ دووشەممە ، سەید موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا وەڵامى ئەو تۆمارە دەنگییانەى دایەوە کە بەمدواییە بڵاوکراونەتەوە، لەو تویتەدا کە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی(INA) وەری گرتوە "موقتەدا سەدر " داوا دەکات بۆ کوژاندنەوەى "ئەو فیتنەگێڕییەی دروست بووە،" سەرکۆنەى هاوبەشى نوورى مالیکى بکرێت لەلایەن سەرکردەى کوتلە هاوپەیمانەکانى مالیکى و ریشسپییانى عەشیرەتەکەى.
رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت، "نابێت سەرکۆنەکردنەکە تەنیا لە بەرامبەر تۆمەتبارکردنم بێت بەوەى بەکرێگیراوى ئیسرائیل و کوشتنى عێراقییەکانم، بەڵکو گرنگتر لەوەش ئەوەیە کە مالیکى بێڕێزى بەرامبەر بە هێزە ئەمنییەکانى عێراق کردووە و حەشدی شەعبیی بە ترسنۆک ناوبردووە، هانى ئاژاوەگێڕى و شەڕى نێو شیعەى داوە و وەکو ئەوەى دەگوترێت تۆماری دەنگیى دیکەى بڵاودەکرێتەوە، تێیاندا بێڕێزى بەرامبەر مەرجەعیەت دەکات."
سەید موقتەدا سەدر هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەگەری هەیە لایەنى سێیەم دەستوەربدات و دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات، من لەوە بێ بەریم."
لەدرێژەی لە پەیامەکەیدا "سەید سەدر " ئامۆژگاریى نوورى مالیکى دەکات کە خۆى گۆشەگیر بکات و دەستبەردارى کارى سیاسى ببێت و خۆى و "گەندەڵکارانى" چواردەورى رادەستى دادگە بکات، ئەوەش وەکو تۆبەکردنێک لەبەردەم خودا و گەلى عێراق و دەڵێت، "لەپاش ئەو بیروبۆچوونە رووخێنەرانە، نابێت بە هیچ شێوەیەک عێراق بەڕێوەببات، چونکە ئەوە مایەى خاپوور و وێرانکارییە بۆ عێراق و دانیشتووانەکەى.