هه‌ولێرـ INA
پێشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 18/7/2022 بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەت و نوێنەرانی پارت و لایەنە كوردستانییەكان و بنه‌ماڵه‌ى قازى، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕێوڕەسمی پێشوازیكردن لە ته‌رمى خوالێخۆشبوو عەلی قازی، كوڕی پێشەوا قازی محەمەد بەڕێوەچوو.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌راگه‌یندراوێكدا كه‌كۆپیه‌ك بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (INA) ناردووه راگه‌یاند" لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد وله‌به‌شێكی وتاره‌كه‌دا هاتووه ئه‌مڕۆ هه‌موومان پێكه‌وه له‌م ڕێوڕه‌سمه ماته‌مينه‌دا به‌شدارين، تاكو به ڕێز و شكۆوه پێشوازى له ته‌رمى خوالێخۆشبوو عه‌لى قازى، كوڕى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌دى نه‌مر بكه‌ين.
خوالێخۆشبوو عه‌لى قازى، كوڕى ڕه‌ش، له‌به‌ر مێژوو و پێگه‌ى بنه‌ماڵه‌كه‌ى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى يادگارى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌دى نه‌مر بوو، به درێژايى ته‌مه‌نى خۆى، ناچار بووه به‌رگه‌ى زۆر سه‌ختى و زه‌حمه‌تى و په‌نابه‌رى و دووره‌وڵاتى و ئازاره‌كانى بگرێت. هه‌ميشه له خه‌مى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و يه‌كێتيى گه‌له‌كه‌يدا بووه. تا دوايين هه‌ناسه‌ش كه له سه‌ره‌مه‌رگدا بوو، وه‌ك له‌سه‌ر شاشه‌ى ته‌له‌ڤزيۆن بينيمان، زۆر به دڵسۆزى و بە پەرۆشەوە داواى يه‌كڕيزى و ته‌بايى گه‌له‌كه‌ى ده‌كرد. هه‌رگيز له خه‌مى گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی دوورنەدەكەوت. له هه‌ر كوێ ده‌رفه‌تى هه‌بووايه، به دواى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى گه‌له‌كه‌ی بوو. ئه‌مه‌يشى له پێشه‌وا قازيى باوكييه‌وه بۆی مابووه‌وه. پێشه‌واى نه‌مريش تا دوايين وه‌سيه‌تیشی هەر ئەوە بوو كە یەكڕیزی و یەكگرتوویی و تەباییی گەلەكەی داوا دەكرد.
هه‌روه‌ها وتی: ئه‌مڕۆ كه هه‌موومان پێكه‌وه لێره‌ين، بۆ ئه‌وه‌يه ڕێز له پێگه و خه‌بات و تێكۆشانى پێشه‌وا قازى و بنه‌ماڵه به‌ڕێزه‌كه‌يان و قوربانيدانيان له‌پێناو گه‌ل و لەپێناو وڵاته‌كه‌ياندا بەرز بنرخێنین. پێشه‌وا له‌پێناو ماف و ژیانێكی شایسته و باشتر بۆ گه‌له‌كه‌ی، له‌پێناو كۆتاییهێنان به نكۆڵیكاری و چه‌وسانه‌وه، له قۆناغێكی یه‌كجار دژوار‌دا ڕابه‌رایه‌تيی میلله‌ته‌كه‌ی كرد، دواجاریش مه‌ردانه چووه به‌ر په‌تی سێداره و هه‌ر له‌و پێناوه‌دا گیانی خۆی به‌خشی. پێشه‌وا به‌و قوربانیدانه‌ی، بووه سیمبۆلێكی زیندووی خۆبه‌ختكردن له مێژووی گه‌لى كوردستاندا و بووه به‌شێك له یاده‌وه‌ریی هه‌میشه زیندووی نه‌وەی دوای خۆی.
ئێمه كاتێ له ڕێوره‌سمی ماڵئاوایی له كوڕ و یادگاری ئه‌و سه‌ركرده نه‌مره‌دا وه‌ستاوین، مێژووی پر شانازیی كۆماری كوردستان و به‌ها به‌رزه‌كانی هاوبەشیی نه‌ته‌وه‌یی و به‌هاناوه‌چوونی بارزانییه‌كان و تێكۆشه‌رانی دیكه، بۆ داكۆكیكردن له كۆمار و داستانی په‌ڕینه‌وه له چه‌مى ئاراس دێنینه‌وه یاد. له كاتێكدا به ڕێز و شكۆوه له خه‌باتی پێشه‌وا قازی و بارزانيی نه‌مر و هاوسه‌نگه‌ره‌كانیان ده‌ڕوانین، هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده و تێكۆشه‌ر و خه‌باتكارانه‌مان دێتەوە یاد كه به درێژایيی زياتر له سه‌د ساڵ، به هه‌ر ڕێگه و بە هەر شێوەیەك بۆیان كرابێت، خەباتیان كردووە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلەكەیان و بوونه قوتابخانه و ڕێنیشانده‌ر و هه‌وێنی درێژه‌پێدانی تێكۆشانی نەوەی داهاتووی دوای خۆیان.