بەغداد - INA
وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند: لایەنی توركیا بەڵێنیداوە كە بەردانەوەی ئاو باشتر بكات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی كەمی ئاو لە عێراقدا.
وتەبێژی وەزارەت عەلی ڕازی بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لە رێگەی ئینتەرەنێتەوە كۆبوونەوەیەك لەنێوان مەهدی ڕەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەكانی ئاو و نوێنەری تایبەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئاو و فەیسەڵ ئوراغلو نوێنەری سەرۆكی توركیا بۆ كاروباری ئاو بەڕێوەچوو.
رونیشیكردەوە: لە كۆبوونەوەكەدا بەئامادەبوونی ڕاوێژكاری تەكنیكی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو، باس لەڕەوشی هاتنی ئاوی ڕووبارەكانی دیجلە و فورات كرا بۆ عێراق، وتیشی: لایەنی عێراقی پابەندبوونی خۆی بەسیاسەتی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە دووپاتكردەوە.
رازی ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەكەدا لایەنی توركی بەڵێنیدا كە بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق زیاد بكات بۆ ئەوەی قەیرانی كەمیی تێپەڕێنێت.