بەغداد - INA
جیێنین هێنیس پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان ئەمڕۆ هەینی، داوای لە چینی سیاسی عێراقی كرد قوربانیی پێویست بدەن لە پێناو ئایندەی وڵات، وتیشی: جەژن دەرفەتێكە بۆ عێراقیەكان بۆ رەتكردنەوەی جیاوازیەكانیان.
پلاسخارت، لە بیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: ئەمساڵ جەژنی قوربان، كە جەژنی قوربانیكردنە لای موسڵمانان، لە كاتێكی هەستیاردا بۆ عێراقییەكان دێتەوە، لەڕوی نەریتەوە، قوربان جەژنی لێبوردن و چاكەكردن و نیشاندانی سۆز و ئاهەنگگێڕانە، ئەم چەمكانەش لەمساڵدا لەهەمو كاتێك زیاتر گرینگترن بەتایبەتی كە وڵات بەدەست ناكۆكیی سیاسیی توند و خۆڵبارینی ناوەناوە و شەپۆلی تازەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و گرژیی جیهانییەوە دەناڵێنێت كە كاریان كردوەتە سەر ژیانی ڕۆژانەی عێراقییەكان بەگرتنەخۆی ئاسایشی خۆراكیشەوە.
وتیشی: جەژنی قوربان هەلی ئەوە دەڕەخسێنێت كە خەڵك بەیەكەوە كۆببنەوە و دڵیان بۆ یەكتر بكەنەوە، هەوڵیش بدەن كە جیاوازییەكانیان وەلابخەن،و من دڵنیام كە خەڵك دەتوانن بەم گیانەوە بەسەر ئەو ئاڵنگارییانەدا زاڵ بن كە روبەڕویان دەبنەوە.
راشیگەیاند: هیوادارم كە چینی سیاسی قوربانیی پێویست بدەن لە پێناو بەرژوەندی كۆمەڵگاكەیان و ئایندەی وڵاتەكەیان بۆ ئەوەی هەمو عێراقییەكان بە یەكگرتوییەوە بەرەو ئایندەیەكی گەشتر بچن.