نەجەفی پیرۆز - INA - حەیدەر فەرمان
حكومەتی خۆجێی نەجەفی پیرۆز ئەمڕۆ هەینی ناوەڕۆكی پلانی ئەمنی و خزمەتگوزاری و تەندروستی خۆی بۆ رۆژانی جەژنی قوربان ئاشكراكرد.
ماجد وائیلی پارێزگاری نەجەف بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: پاراستنی بۆنە و پشووە ئاینییەكان لە پارێزگاكە و بەتایبەتی جەژنی قوربان بە ئامادەكردنی پلانێكی تایبەتی ئەمنی و خزمەتگوزاری و تەندروستی ئەنجام دەدرێت، و وتیشی: لە پلانی جەژنی قورباندا هەزاران ئەندامی هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی پشتیوانی لەوەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و حەشدی شەعبی و هێزەكانی بەرگری ئاسمانی بەشداری دەكەن.
ئاشكراشیكرد: پلانەكە لەگەڵا فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەجەف خوێندنەوەی بۆ كراوە و سەركردایەتییە ئەمنییەكانیش پشتیوانی لێ دەكەن و پارێزگاكە دابەشكرا بەسەر كەرتەكاندا و ئەفسەران و پلەدارەكانیش دابەشكرابوون بەسەر ئەو كەرت و میحوەرە سەرەكیانەدا.
رونیشیكردەوە: پلانێكی هاتوچۆ ئامادەكراوە بۆ ڕێكخستنی هاتووچۆی ئۆتۆمبیل جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، وتیشی: هەوڵ و كۆششی شارەوانی چەند ڕۆژێك پێش ئێستا دەستی پێكرد بۆ ئەوەی ئاگاداری دەروازەكانی شارەكە بن و پاكیان بكەنەوە و پێداویستی تایبەتیان بۆ دابین بكەن و هەروەها هەوڵێكی شارەوانی دابین بكەن هاوكات لەگەڵ چوونەژوورەوەی سەردانكەران و گەیشتنیان بۆ مەزارگە پیرۆزەكان لە پارێزگاكە.
سەبارەت بە پلانی تەندروستی پارێزگاری نەجەف رایگەیاند: حكومەتی خۆجێی پابەندە بەو سیاسەتەی كە وەزارەتی تەندروستی وەك دەستەی تایبەت لەم بوارەدا داڕێژراوە، و وتیشی: حكومەت لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاكە و وەزارەتی تەندروستی و ڕێوشوێنی تایبەتمان داناوە سەبارەت بە شەپۆلە نوێیەكەی پەتای كۆرۆنا.