بەغداد - INA
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: جوڵەیەكی پەرلەمانی هەیە بۆ دەركردنی یاسای قەدەغەكردنی هاوڕەگەزبازی لەعێراق.
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران عارف حەمامی بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا ڕەزامەندی لەسەرئەوە درا كە واژۆ كۆبكرێتەوە دوای دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی یاسادانان، یاسایەكی قەدەغەكردنی هاوڕەگەزبازی لە عێراق دەربكرێت.
وتیشی: دەركردنی یاسای لەم شێوەیە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی بڕگە یاساییەكان كە هاوڕەگەزبازی و لادانی پەیوەندیدار قەدەغەدەكات.
لەلایەكی ترەوە عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: بەپێی ماددەی 393ی یاسای سزادانی عێراقی تاوانباری سەرپێچی یان نێربازی بە لە سێدارەدان سزادەدرێت، وتیشی: بەپێی یاسای 234ی ساڵی 2001 زینا و نێربازی و دەڵاڵیش سزاكەیان لە سێدارەدانە و هەروەها ماددەی 215 و 220ی تاوانبار بە زیندانیكردن و غەرامە سزادەدرێت بەهۆی سوكایەتیكردن بە ناوبانگی وڵات بۆ ئەم جۆرە تاوانانە.
ئاشكراشیكرد: مادەی 376ی هەمان یاسا سزای 7 ساڵ زیندانیكردنی بۆ گرێبەستی هەڵە لەگرێبەستەكانی هاوسەرگیریدا داناوە، هەروەها ماددەی 3ی یاسای باری كەسێتی مەرجەكانی گرێبەستەكەی دامەزراندووە و ئەو جۆرە تاوانانە پێچەوانەی ئەوەن.
پێشتر رابەری ڕەوتی سەدر سەید موقتەدا سەدر، لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر كە ئاژانس هەواڵی عێراقی وەریگرتبوو، پێشنیاریكرد ڕۆژێكی تایبەت لە دژی هاوڕەگەزبازی و بێڕەوشتی هەبێت، راشیگەیاند: خوا كات دەدات و فەرامۆشی ناكات، بۆیە بانگیان دەكەم بۆ ئەوەی تۆبە بكەن.