واشنتۆن: عێراق گرنگترین هاوبەشی ستراتیژییە لەناوچەكەدا

سیاسی
  • 6-07-2022, 11:06
  • +A -A

    بەغداد - INA
    سیناتۆری ئەمریكی لیندسی گراهام رایگەیاند: عێراق گرنگترین هاوبەشە ستراتیژییەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا.
    باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: سیناتۆری ئەمریكی لیندسی گراهام لە 4 و 5ی تەموز سەردانی عێراقی كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی عێراق كۆببێتەوە و باسی هاوكاری سیاسی و ئابووری و مرۆیی و ئەمنی لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.
    ئاشكراشیكرد: سیناتۆر گراهام ڕۆژی 4ی تەمووز لە بەغدا لەگەڵ ئەلینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد چاویكەوت بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و بەرهەم ساڵح سەرۆكی عێراق و  محمد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها ڕۆژی 5 تەمموز سیناتۆر گراهام و باڵیۆز ڕۆمانۆسكی لەهەولێر لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە عێراق كۆبوونەوە.
    راشیگەیاند: سیناتۆر گراهام لە كۆبوونەوەكانیدا پشتیوانی خۆی بۆ ئەولەویەتە ستراتیژییەكانی ئەمریكا لەعێراق دەرببڕی: كە بریتیە بەرزكردنەوەی ئاستی سەقامگیری و گەشەی ئابووری و برەودان بەدیموكراسی و حوكمڕانی و دەستەبەركردنی ئاسایش و سەروەری.
    بەپێی بەیاننامەكە سیناتۆر گراهام تەئكیدی لەسەر پابەندبوونی وڵاتەكەی بەعێراق وەك یەكێك لەگرنگترین هاوبەشە ستراتیژیەكانی ئەمریكا لەناوچەكەدا كردەوەو تیشكی خستەسەر گرنگی پتەوكردنی دیموكراسی لەعیراق هەروەها پێداچوونەوەی هەوڵەكانی ئەمریكای كرد بۆ پتەوكردنی پەیوەندی ئەمریكا و عێراق بەپێی ڕێكەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی، لەوانە لە ڕێگەی یارمەتی مرۆیی و سەقامگیری و هاوكاری ئابووری و هەوڵەكانی دژە گەندەڵی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و تواناسازی ژنان و ئاڵوگۆڕی ئەكادیمی و فەرهەنگی.