ئایدن مه‌عروف: زۆر گرنگه‌ یاسایه‌كی هه‌ڵبژاردن هه‌بێت له‌گه‌ڵ ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان گونجاو بێت

سیاسی
  • 5-07-2022, 12:43
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA  ـ عوسمان باشقالی

    بۆ ماوه‌یه‌كه‌ یاسایی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌هه‌رێمی كوردستان خاڵی ناكۆكییه‌ له‌نێوان پارته‌ سیاسیه‌كان به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵات و ئۆپزسیۆن، له‌به‌رامبه‌ریدا نوێنه‌رانی پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمانی و سریانی را و بۆچۆن و تێبینی خۆیان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌م یاسایه‌. ئایدن مه‌عروف ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی توركمانی و وه‌زیری هه‌رێم له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌م یاسایه‌ له‌دیدارێكی تایبه‌تد له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (INA) راگه‌یاند وتی" یاسایی هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێمی كوردستان یاسه‌یه‌كی گرنگه‌ و ره‌هندی نیشتیمانی و سیاسی و یاسایی خۆی، هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك له‌م یاسایه‌ بكرێت پێویسته‌ به‌رێكه‌وتن بێت، كۆده‌نگه‌یه‌كی سیاسی له‌سه‌ر هه‌بێت به‌تایبه‌تی له‌نێوان  لایه‌نه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌كیه‌كان ده‌بێت رێكه‌وتن و هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت، سه‌باره‌ت به‌م یاسایه‌ ئایا پێویستی به‌گۆرانكاریه‌ یان نا. ئێمه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی توركمان كه‌فاكته‌رێكی گرنگین‌ له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان و سێیه‌مین نه‌ته‌وه‌ین‌ له‌دوایی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و كورد، له‌هه‌رێم حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بایه‌خی زۆری داوه‌ به‌پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی و لێبورده‌یی، هه‌روه‌ها وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی توركمان به‌شداریه‌كی كارای هه‌یه‌ له‌پرۆسه‌ی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ئێمه‌ هیچ جارێك لایه‌نێك نین‌ له‌كێشه‌ سیاسیه‌كان، ئێمه‌ هه‌میشه‌ فاكته‌رێكین بۆ  چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بۆیه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چ بڕیارێكیان دا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌ین، به‌ڵام زۆر گرنگه‌ یاسایه‌كی هه‌ڵبژاردن هه‌بێت له‌گه‌ڵ ره‌وشی هه‌رێم گونجاو بێت، له‌وانه‌یه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بگه‌ن به‌رێكه‌وتن سه‌باره‌ت به‌م یاسایه‌ كه‌هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی داوایی یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و هه‌ندێ تریش دوایی فره‌بازنه‌یی ده‌كه‌ن. 

    ئێوه‌ وه‌كو نوێنه‌رانی توركمان چ یاسایه‌كی هه‌ڵبژاردنتان پێ باشه‌؟

    ئایدن مه‌عروف: وه‌كو توركمان به‌سیسته‌می كۆتا به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، پێمان باشه‌ بۆ كۆتاكان یه‌ك بازنه‌یی بێت و ئه‌گه‌ر هاتوو گۆرانكاری له‌یاساكه‌ كرا، داوا ده‌كه‌ین كۆتاكان له‌هه‌ڵبژاردنی تایبه‌ت به‌شدار نه‌بن، له‌هه‌ڵبژاردنی تایبه‌ت زیاتر ده‌ستوه‌ردان  له‌كاروباری كۆتا ده‌كرێت، له‌په‌رله‌مانی عێراقیش له‌هه‌ڵبژاردنی رابردوو دیاربووكه‌ به‌داخه‌وه‌ چ ده‌ستوه‌ردانێكی گه‌وره‌ كرا و كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌بوو، بۆ ئێمه‌ سه‌قامگیری سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستان و پشتگیریكردن له‌پێكه‌وه‌ژیان و لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌تی پێكهاته‌كان زۆر گرنگه‌ وله‌داهاتووشدا ئه‌گه‌ر هه‌ر گۆرانكاریه‌ك له‌یاسایی هه‌ڵبژاردن كرا كه‌تایبه‌ت بوو به پێكهاته‌ و ‌كۆتاكان، ده‌بێت به‌راوێژ بكرێت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان. 

    به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستان نه‌ته‌وه‌ی توركمان 5 كورسی له‌په‌رله‌مان هه‌یه‌ ئایا تاچه‌ند به‌م رێژه‌یه‌ رازین؟ 

    ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌یی توركمانی: توركمان نه‌ته‌وه‌یه‌كی گرنگ و ره‌سه‌نه‌ له‌عێراق وبه‌پێی ده‌ستووری عێراق سێیه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ‌ئاستی عێراق و دووه‌م نه‌ته‌وه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، پێمانوایه‌ ئه‌م پێنچ كورسیه‌ كه‌مه‌، ده‌بێت بۆ هه‌فت كورسی زیاد بكرێت به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ زۆر گرنگه‌، ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ ده‌بێت ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌بنه‌ نوێنه‌ری توركمان نوێنه‌ری راسته‌قینه‌بن و به‌ئیراده‌ی خۆیان سیاسه‌ت بكه‌ن و ئه‌مه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌كانی تریش گرنگه‌ كه‌نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌یان هه‌بێت، وله‌هه‌مان كاتدا له‌كۆمیسۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كان پێویسته‌ هه‌بێت. 

    له‌كۆمیسۆنی هه‌لبژاردنه‌كان وه‌كو توركمان نوێنه‌ری هه‌یه‌؟ 

    ئایدن مه‌عروف: پێشتر به‌رێكه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هه‌بووه‌  به‌ڵام ئێمه‌  ده‌مانه‌وێت توركمان و سریان وئاشووری، وه‌كو نه‌ته‌وه‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌یان  له‌كۆمیسیۆن هه‌بێت كه‌نوێنه‌راتیان بكات.

    ئایا ئه‌و پێنچ نوێنه‌ره‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان توانیویانه‌ نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی ماف و داواكاری گه‌لی توركمان بكه‌ن؟ 

    سه‌ركرده‌ی به‌ره‌یی توركمانی: به‌ڵی ئه‌وان رۆڵیان گرنگه‌ و به‌پێی توانا كاریان كردووه‌ به‌ڵام داواكاری توركمان ته‌نها ئه‌و پێنچ نوێنه‌ر نییه‌ ده‌بێت به‌شداریه‌كی كاراتر له‌حكومه‌ت و دام وده‌زگانی دا هه‌بێت، یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ توركمانییه‌كان زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ ئه‌م یه‌كڕیزیه‌ هه‌بێت. 

    ئایا چ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردان له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كرێت و نوێنه‌ری راسته‌قینه‌تان هه‌بێت؟ 

    ئایدن مه‌عروف: ئه‌مه‌ پرسیارێكی زۆر گرنگه‌، له‌هه‌ڵبژاردنی رابردوو ده‌ستوه‌ردان كرا، یه‌كه‌م شت ‌ده‌بێت له‌یاساكه‌ ده‌ستپێ بكرێت، ئه‌گه‌ر هه‌مواركراوه‌ ده‌بێت كۆتاكان به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنی تایبه‌ت نه‌كه‌ن، چونكه‌ ده‌ستوه‌ردانی زیاتر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌كرێت، به یه‌ك رێنمای  كه‌به‌كاندیده‌كان ده‌درێت، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌گۆرێت، دووه‌میش گرنگه‌ حزبه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌كییه‌كان، كۆتاكان نه‌كه‌ن خاڵی ململانێ سیاسی نێوان خۆیان و كۆتاكان نه‌كه‌نه‌ لایه‌نێكی ئه‌م ململانێیه‌، چونكه‌ به‌رای ئێمه‌ پێكهاته‌كان هیچ كات مه‌ترسی نین له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌رێمیش مه‌ترسی نییه‌ له‌سه‌ر پێكهاته‌ و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌ هه‌دوولا ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، له‌ئێستادا پێكه‌وه‌ژیانێكی زۆر باش له‌نێوان ئایین و پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌، ده‌بێ زیاتر بایه‌خی پێبده‌ین و ئه‌م چه‌مكه‌ فروانتری بكه‌ین، له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراندنی مه‌له‌فێكی تایبه‌ت به‌كاروباری پێكهاته‌كان هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه‌ و بڕیارێكی زۆر مه‌ردانه‌یه‌ وئێمه‌ هیواخوازین به‌هه‌مان شێوه‌ له‌حكومه‌تی عێراقیش مه‌له‌فێك یان وه‌زیرێك هه‌بێت بۆ كاروباری پێكهاته‌كان.