هەولێر- INA
ئەمڕۆ شەممە لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی كە كۆپییەكی دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووه تێیدا هاتوو،" مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ فراكسیۆنی حزبەكەی لە ئەنجومەنی نوێنەران جەختی كردۆتەوە كە دەبێت گرفتەكان لە رێگەی دەستورو بە رەچاوكردنی پرەنسیپی شەراكەت و تەوفوق و هاوسەنگی چارەسەربكرێن و هەروەها وتیشی: پارتی لەگەڵ ناكۆكی و قووڵبونەوەی قەیرانەكان نییە.
بەپێی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و دوایین ھەنگاو و گۆڕانكارییەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ كران.
باس لەوەشكراوە:" ئەوەشی دووپاتكردەوە گۆڕانكارییە سیاسیەكان و هاوكێشەكان ھەر چۆنێك بن ئێمە خاوەنی دۆزێكی ڕەواین و پێمانوایە كە دەبێ گرفتەكان لە ڕێگەی پابەندبوون بە دەستور و ڕەچاوكردنی ھەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت و تەوافوق و تەوازن چارەسەر بكرێت و ئەم پڕەنسیپانە دەبێ لەسەر كاری حكومەتی داھاتوو و ھەموو كوتلە سیاسیەكان ڕەنگبداتەوە".
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە لەو كۆبونەوەیەدا مەسعود بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ھەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ٢٠٢١ـی عێراق و ئەنجامەكانی، ئاماژەی بەوەدا كە "ھەمو پێداگری و ھەوڵی پارتی لە پڕۆسەی دوای هەڵبژاردن بۆ ئەوە بوە كە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان خزمەتی سەقامگیری و گوزەرانی ھاوڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكان بكات."
بارزانی ئەوەشی دوپاتكردەوە كە "پارتی لەگەڵ ناكۆكی و قوڵبوونی قەیرانەكان نییە بەڵكو ئەوەی بەلایەوە گرنگە پاراستنی مافە دەستورییەكان و كەرامەتی ھاوڵاتیانە."