بەغدا – ا ه ع دكتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار، ئەمرۆ سێ شەممە، بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و سەرتاسەری عێراق كرد، پیرۆزبایی لەو گەلانەش كردوە كەلەناوچەكە و شوێنە جاجیاكانی جیهان بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ دەگێڕن. خوازیاریشە لە كەش و هەوایەكی تەبایی و هێمندا پێشوازیی لە نەورۆز بكرێت و كۆتایی بەناهەموارییەكان لە هەمو روەیەكەوە بهێنرێت. هاوكات داوایكردوە شەڕ و كوشتاری ناوچەكە كۆتایی بێت تا چیتر خەڵكی مەدەنی نەبنە قوربانیی، ئەمەش دەقی وتارەكەیە: بەناوی خوای گەورەو میهرەبانەوە كۆمەڵانی خەڵكی خۆشەویست لە كوردستان و سەرتاسەری عێراق بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز، گەرمترین و جوانترین پیرۆزباییتان پێشكەش دەكەین، هەروەها سڵاوو پیرۆزباییمان بۆ هەموو ئەو گەلانەی لەجیهاندا ئاهەنگی نەورۆز دەگێرن. نەورۆز واتە ئازادیی، هیوا، بەهار، هیوادارین گەلەكەمان رۆژەكانی نەورۆز بەئارامی و ئۆقرەیی ببەنە سەر وە ئاشتی و برایەتی و تەبایی زیاتر لەهەركات باڵبكێشێت بەسەر تەواوی وڵاتماندا، ئۆمێد دەخوازین پەیامی ئاشتی یەكجارەكی كۆتایی بهێنێت بەشەڕو كوشتار كە ئەمڕۆ بەرۆكی ناوچەكەمانی گرتووە، خەڵكی مەدەنی نەكرێنە قوربانی، دەوڵەت و لایەنەكانی ناوچەكە زمانی زبرو شەڕ وەلابنێن، شێوازی دیالۆگ بگرنەبەر، باهەوڵی هەمووانمان بەو ئاراستەبێت هەلومەرجێكی ئارامیش بۆ عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵی ئازاد و هێمن و گەشەسەندو بەڕێوەببەین. هەموو ساڵێك هەمووتان لەخۆشیدابن، هەموو نەورۆزێك گەلەكەمان لەیەكڕیزی و ئاشتی و سەركەوتندابێت.