بەغدا – ا ه ع سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران تەئكیدیكردەوە، پرۆسەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە رێی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمەوە ئەنجام دەدرێت لە چوارچێوەی دەستوردا، وتیشی بڕی 317.5 ملیار دینار رەوانەی هەرێم كراوە و پێویستە لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمەوە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكرێت. حەدیسی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) و لەوەڵامی ئەو هەواڵانەی باس لە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكەن بەپێی ئەو سیستمەی كە پەیرەوی دەكات و بڕی تەنها چارەكە موچە دەداتە فەرمانبەران، رایگەیاند: حكومەتی ناوەند پشت بە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران لە رێی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم دەبەستێت، رونیشیكردەوە هەر كەمتەرخەمییەك روبدات ئەوا لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە نەك حكومەتی ناوەند.