بەغداد - INA
بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: هەوڵەكانی خۆی لەگەڵ دەستپێكردنی شەپۆلی خۆڵبارین لە ژمارەیەك لە پارێزگاكان دەستپێدەكات.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی عەمید جەودەت عەبدولرەحمان بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: بەڕێوبەرایەتییەكەیان لەگەڵ دەستەی گشتی كەشناسی و بومەلرەزەزانی هەماهەنگی تەواوی هەیە و تێبینی و داتا وەردەگرێت لەسەر رەوشی كەشوهەوای جۆراوجۆر لە هەموو وەرزەكاندا، بەپێی زانیاری دەستەی كەشناسیش ڕوودانی شەپۆلی خۆڵی مامناوەند تا توند لە ڕۆژی سێشەممەوە لەبەغدادو تكریت و بێجی لەسەلاحەدین و قەزای عانە لە ئەنبار دەبێت و دواتر گەردەلولی خۆڵبارین لە كەركوك بۆ هەولێرو دیالە روودەدات.
ئاشكراشیكرد: چاوەڕوان دەكرێت ڕۆژی چوارشەممە شەپۆلی خۆڵبارین لەشارەكانی بەغداو ڕومادی و كەربەلا و تكریت و كوت و حلە مامناوەند بێت و بۆ ئێوارەش بەرەو باشوور و بەرەو ناسریە و سەماوە و عەمارە و بەسرە بڕوات.
رونیشیكردەوە: بەرەبەیانی پێنج شەممە، كاریگەری خۆڵبارینەكان وردە وردە ون دەبێت و چاوەڕواندەكرێت پلەی گەرماش لە نێوان 5 بۆ 8 پلەدا كەمبێتەوە، هەموو ئەم زانیارییانەش لە رێگەی دەستەی كەشناسیەوە بە ئێمە گەیشتووە.
راشیگەیاند: بەڕێوەبەری گشتی بەرگری شارستانی لیوا كازم سەلمان بۆهان، لە بەیانی ئەمڕۆوە سەرجەمی ناوەندەكانی بەرگری شارستانی ئاگاداركردەوە كە لە بەغدا و پارێزگاكان بڵاوكراوەتەوە، ئامادەكاری تەواو بكەن و دەستوەردانی خێرا بكەن لە هەر حاڵەتێكی لەناكاودا.