بەغداد - INA
دەستەی نەزاهە ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند: فەرمانی دەستگیركردن و لێكۆلینەوە دەرچووە بۆ بەڕێوەبەری گشتی پێشووتری بانكی كشتوكاڵی بەهۆی پێشێلكردنی ئەركی پیشەییەوە.
بەشی لێكۆڵینەوەی دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: دادگای لێكۆڵینەوەی رەسافە كە تایبەتە بە دۆسیەكانی نەزاهەو سپیكردنەوەی پارەو تاوانی ئابوری، فەرمانی دەستگیركردنی لە دژی بەڕێوەبەری گشتی پێشووتری بانكی كشتوكاڵی دەركردووە، كە هەڵساوە بە جێگرتنەوەی دۆكیومێنتی قەرزێك كە لە نامەی گەرەنتییەوە بۆ گەرەنتی خانووبەرە بە قەرزدارێك بەخشراوە و بە بێ ڕەزامەندی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری ئەو كارەی كردوە.
ئاشكراشیكرد: دادگا فەرمانی دەستگیركردن و لێكۆڵینەوە لە دژی تۆمەتبار دەركرد، بەپێی بڕگەكانی ماددەی (331) لە یاسای سزادان.
لەماددەی (331) دا هاتووە كە " سزادانی تۆمەتبار بە بەندكردن و غەرامەكردن یان یەكێك لەو دوو سزایە، بۆ هەر فەرمانبەرێك یان خزمەتكارێكی گشتی كە بە ئەنقەست شتێكی پێچەوانەی ئەركەكانی كاری خۆی ئەنجامداوە یان خۆی لە جێبەجێكردنی یەكێك لە كارەكانی خۆی دوورخستوەتەوە.