كازمی: من ناچمە ناو گفتوگۆی سیاسی و ئاژاوەگێڕانیش روبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەكرێنەوە

سیاسی
  • 14-06-2022, 16:20
  • +A -A

    بەغداد - INA
    مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ سێشەممە، داوای لەهێزە سیاسییەكان كرد بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بەخەڵك و میللەت بگرنە ئەستۆ و هاوكات ئاماژەی بە پێویستی حكومەت بە بودجە كرد.
    كازمی لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا لە وتارێكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، رایگەیاند: لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا كەوتنی موسڵ لەلایەن چەتەكانی داعشەوە بەبیر دێنینەوە كە ئەو ساتانە بانگمان دەكەن بۆ ئەوەی لە هۆكارەكانی ئەو رووداوە بكۆڵینەوە بۆ خۆ بەدوورگرتن لەوەی كە هەشت ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، وتیشی: ستایشی دانایی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی و هەڵوێستی ئازایانەی دەكەین.
    ئاشكراشیكرد: ئەمڕۆ دەبێت بیر لە ئێستا و داهاتوومان بكەینەوە و فێربین لەوەی كە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویداوە و بە هەموو وزەیەكمانەوە كار بۆ داهاتووی نەوەكانمان بكەین.
    تەئكیدیشیكردەوە: كە ئەمەن و ئاسایش بە هەوڵ و قوربانیدانی هێزە ئەمنییەكانمان بەدیدێت و هەموو سنوورێكیش زۆر پارێزراوە و ڕۆژانە چاودێری ئۆپەراسیۆنە سەربازیی و ئەمنییەكان دەكەم، وتیشی: هێزەكانمان ئامادەن بۆ بەرگریكردن لە عێراق و عێراقییەكان.
    راشیگەیاند: من ناچمە ناو گفتوگۆی سیاسی و پێویستە هێزە سیاسییەكان بەرپرسیارێتی خۆیان لە بەرامبەر گەل و وڵات بگرنە ئەستۆ.
    دووپاتیشكردەوە: كە حكومەت ڕووبەڕووی دژوارترین بارودۆخ بوویەوە و توانی بە ڕێكارە قورس و گرنگەكان زاڵبێت بەسەریاندا كە سەركەوتوویی سەلماند، و وتیشی: كەسانێك هەن لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەوڵدەدەن توندوتیژی و ئاژاوە دروست بكەن ئەمەش قبوڵناكرێت و دەكەونە بەرامبەر لێپرسینەوەی یاساییەوە.
    كازمی راشیگەیاند: كەسانێك هەن كە ڕاگەیاندن بەكاردەهێنن بۆ بانگەشەی توندوتیژی و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان و داواشی لە هەمووانكرد كە فریو نەدرێن و نەكەونە ژێر كاریگەری ئەم جۆرە بانگەشانە و دەبێت هەموان ئارامبگرن و ژیرانە و عەقڵانی بیربكەنەوە و ئەولەویەت بدەنە بەرژەوەندی عێراق و عێراقیەكان.
    رونیشیكردەوە: وڵات بەرگە ئەوە ناگرێت و حكومەتیش بە هەموو هەوڵەكانییەوە كاردەكات، و وتیشی: حكومەت پێویستی بە بودجە و سەقامگیری هەیە بۆ ئەوەی پرۆژەكانی بەردەوام بێت بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان و سەقامگیركردنی باری گوزەرانی هاوڵاتیان.