بەغداد - INA
محمد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە، دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدری لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندكرد.
پێشریش هەر ئەمڕۆ یەكشەممە موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدرداوا لە پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدری لە پەرلەمانی عێراق كرد دەستلەكاركێشانەوە پێشكەشی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان بكەن.
سەید سەدر لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: داوا لە حەسەن غەزاری سەرۆكی كوتلەی سەدر دەكەین، داوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارەكانمان پێشكەش بە سەرۆكی پەرلەمان بكات.
ئاشكراشیكرد: سوپاسی هاوپەیمانەكانمان لە رزگاری نیشتیمانی دەكەین، بەو سۆزە نیشتمانییەی هەیانبو، بەو متمانەیەیان بە بڕیارەكانی من، خودا پاداشتیان بداتەوە، هاوكات سوپاسی تایبەتمان بۆ كوڕە ماممان( جەعفەر سەدر) كە كاندیدی سەربەخۆمان بوو بۆ سەرۆكایەتی وەزیران.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: ئەم هەنگاوە قوربانیدانە لە منەوە لەپێناو گەل و نیشتیمان و رزگاربونیان لە چارەنوسێكی نادیار كە پێشتر قوربانیمان بۆ دابوو لەپێناو ئازادی عێراق و سەروەری و ئاسایش و سەرفرازی و سەربەخۆی.