بەغداد - INA
دەزگای شەهیدان ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند: قۆناغێكی نوێ دەستی پێكردووە بۆ دۆزینەوەی روفاتی شەهیدانی كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەر كە ژمارەیان بەلایەنی كەمەوە 500 روفاتە، و هاوكات وردەكارای قۆناغی یەكەمی ئاشكراكرد كە توانرا زیاتر لە 1200 روفات بدۆزرێتەوە.
عامر جەبار، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەشی كاروبار و پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە دەزگای شەهیدان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی عێراقیەی هەواڵی كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بینیوێتی، رایگەیاند: تیمێك پشكنینی مەیدانی لە هەموو گۆڕستانەكان ئەنجامداوە بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی كە لەلایەن سەركردە سەربازییەكان و حەشدی شەعبییەوە پێمان گەیشتوون و تیمە تایبەتەكان 17 گۆڕی بەكۆمەڵی شەهیدانی كۆمەڵكوژی سپایكەریان كردەوە و شەو و ڕۆژ لە هەلومەرجی ئەمنیدا كە لەو كاتەدا ناجێگیربوو و لەگەڵا بارودۆخی سەختی كەشوهەوا كارییان دەكرد و كادیرەكانمان ناچاركرد بە درێژایی ڕۆژ كاربكەن بۆ تەواوكردنی پرۆسەكە.
ئاشكراشیكرد: ئەم كارانە بەشداریان كرد لە هەڵگرتنەوەی هەزار و 223 روفاتی شەهیدان و ئەو روفاتانە رەوانەی پزیشكی دادوەری كران و بە گونجاندنی نموونەی خوێنی كەسوكاری شەهیدان كە زیاتر لە 1000 شەهیدیان ڕادەستی كەسوكارییان كرا.
وتیشی: 161 حاڵەتیش لە ڕووبارەكە دەرهێنراوە و لە گۆڕستانی وادی سەلام لە نەجەف نێژراون و 81 حاڵەتی دیكەشمان نەناسیوەتەوە.
ئاشكراشیكرد: سەبارەت بە روفاتەكانی تر كە ماون بە بەكارهێنانی وێنەی ئاسمانی دەستمان بە قۆناغی دووەمی كاركردن كرد بۆ گەڕان بەدوای پاشماوەی گۆڕەكان و دۆزینەوەی روفاتی شەهیدان.
رونیشیكردەوە: بەشەكەمان تایبەتمەندە بە رەوانەكردنی پەڕاوەكانی لێكۆڵینەوە بۆ دادگا تایبەتمەندەكان سەبارەت بە مافی كەسوكاری شەهیدانی كۆمەڵكوژی سپایكەر بۆ ئەوەی بكوژانی نەوەكانیان سزا بدرێن و هەموو 1223 بەلگەنامە تۆماركراو و بەڵگەنامەی بنەرەتی و وێنەی تاوانباران دراوەتە دادگا تایبەتەكان.
هاوكات پێشتر هەر ئەمڕۆ سەرۆكی لیژنەی یادكردنەوەی كۆمەڵكوژی لە تكریت موعین كازمی دووپاتیكردەوە كە 500 شەهیدی سپایكەر تائێستا یەكلایی نەكراونەتەوەو هاوكات داواشیكرد شوێنی كۆمەڵكوژییەكە بگۆڕدرێت بۆ یەدەگی فیدراڵی سەر بەحكومەتی ناوەند.