بەغدا – ا ه ع دكتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران، ئەمرۆ دوو شەممە، جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیدا كردەوە و داواشی لە پارێزگارەكان كرد ئەركی خۆیان لە خزمەتكردنی هاوڵاتیان بەجێبهێنن و هیچ بەڵێنێك بە پاڵنەری هەڵبژاردنەكان بە كەس نەدەن. لە بەیاننامەیەكی ئەمانەی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، كە وێنەیەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە نێردراوە هاتووە، عەبادی سەرۆكایەتی لیژنەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان كردووە. لە بەیاننامەكەدا هاتووە عەبادی تەئكیدیكردوەتەوە لەسەر گرنگی پارێزگاریكردن لە سەركەوتنەكان و دەستەبەركردنی ئەمن و ئاسایش و دۆزینەوەی كەشێكی گونجاو بۆ ئاوەدانكردنەوە و باشكردنی خزمەتگوزارییەكان و دەستەبەركردنی دەرفەتی كاركردن بۆ لاوان و دەرچووان لەرێی هاندانی وەبەرهێنان و راكێشانی كۆمپانیاكان و پشتیوانیكردن لە كەرتی تایبەت كە هاوبەشێكی كاریگەرە لە ئابوری عێراقدا. سەبارەت بە ئاو و كارەباش عەبادی ئاماژەی بەوەكرد كە پێویستی بە هاوكاری جدی هەیە و دەبێت پابەندبن بەو بەشەی بۆیان تەرخاندەكرێت و جیاكاری لە نێوان پارێزگاكاندا نەكرێت، داواشیكرد هاوكاری یەكتر بكەن و دادپەروەربن لە ئیدارەدانی باشی ئاو تا بەشی سەرجەم پارێزگاكان بكات.