نێچيرڤان بارزانى: چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا كليلى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عيراقه‌

سیاسی
  • 9-06-2022, 12:03
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كۆمیتەی دۆستایەتیی فه‌ره‌نسا ـ عیراق لە سەناتی فەرەنسا بە سەرۆكایەتیی خاتوو نيكۆل نورانتۆن و یاوەریی به‌ڕێزان ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمیتەكە و كونسولى گشتيى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.
    نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یندراوێكدا كه‌كۆپیه‌ك بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (INA) ناردووه‌ راگه‌یاند" لە دیدارێكدا شاندی میوان پشتگیریی فەرەنسایان بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق دووپات كردەوە و ڕێز و پێزانینیان بۆ قوربانییەكانی پێشمەرگە و ڕۆڵیان لە تێكشكاندنی داعشدا نیشان دا، هەروەها دووپاتیان كردەوە كە فەرەنسا بە بایەخەوە لە دۆستایەتيی خۆى لەگەڵ عيراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت و خوازياره‌ لە هەموو بوارەكاندا برەو بە پەیوەندییەكانی له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان بدات.
    لای خۆیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی سەربازی و مرۆيى و سیاسيی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان و عیراق دووپات كردەوە. 
    له‌باره‌ى دۆخى عيراقيشه‌وه‌، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا كليلى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عيراقه‌ و ئاماژه‌ى به‌ گرنگيى ڕۆڵى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و فه‌ره‌نسا به‌تايبه‌تى له‌ يارمه‌تيدانى عيراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرد.