بەغدا – ا ه ع حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران، ئەمرۆ یەك شەممە، لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كۆبویەوە. لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) نێردراوە هاتووە، لە كۆبونەكەدا تاوتوێی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كرا لەگەڵ بەشدارییان لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق دوای سەركەوتنەكان بەسەر تیرۆریستانی داعشدا. لای خۆیەوە عەبادی تەئكیدیكردەوە لەسەر گرنگی هاوكاری و پتەوكردنی پەیوەندیەكان لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، رونیشیكردەوە هەوڵدەدەن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ سەرجەم وڵاتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و دەستوەرنەدان بێت لە كاروباری ناوخۆی یەكتری. سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە كۆنگرەی كوەیتیش كرد كە سەركەوتووبووە لە پێدانی پەیامێك كە وڵاتانی جیهان دەستی هاوكاری بۆ عێراق درێژدەكەن لە پێناو ئاوەدانكردنەوە و سەقامگیری دوای سەركەوتانەكان بە سەر تیرۆریستانی داعشدا، رونیشیكردەوە دوای سەركەوتنەكان بەربەستی تر لەبەردەمیایندایە لە نێویشیاندا ئاوەدانكردنەوە و دەستەبەركردنی دەرفەتی كاركردن. لای خۆیانەوە باڵیۆزی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا پێشوازییان لە هەنگاوە چاكسازییەكانی حكومەتی عێراق و سەركەوتنەكانی بەسەر تیرۆریستانی داعشدا كرد، تەئكیدیشیانكردەوە لەسەر بەردەوامبوونیان لە پشتیوانیكردن لە عێراق لە پێناو ئاوەدانكردنەوە و پاراستنی ئەمن و ئاسایشدا.