نێچیرڤان بارزانی: ئێمە پەرۆشی بەرەوپێشچوونی زیاتری ئاستی خوێندن و فێرکردن و خوێندنی باڵاین لە کوردستاندا

سیاسی
  • 7-06-2022, 23:37
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA

    ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى ده‌رچوونى خولى چواره‌مى زانكۆى ئه‌مريكى له‌كوردستاندا له‌ دهۆك كرد كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى  مه‌سروور بارزانى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ڕێزان وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عيراق و سه‌رۆكى نێرده‌ى تايبه‌تى UN له‌ عيراق و كونسولى گشتيى ئه‌مريكا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌يه‌ك له‌ وه‌زيران و به‌رپرسانى باڵا به‌ڕێوه‌ چوو.

    له‌راگه‌یندراوێكی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ كۆپیه‌ك بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (INA) ناردووه‌ راگه‌یاندووه‌" له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وته‌يه‌كى پێشكه‌ش كرد، تيايدا وێڕاى پيرۆزبايى له‌ ده‌رچووان و دايكوباوك و كه‌سوكار و مامۆستايانيان، جه‌ختى له‌ گرنگيى قۆناغى داهاتووى ژيانى ده‌رچووان و ئه‌ركى سه‌ر شانيان له‌ خزمه‌تكردنى وڵات له‌ بواره‌ جياكاندا كرده‌وه‌. به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها پشتگيرى و به‌رده‌واميى هاريكاريى خۆى بۆ زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و پشتبه‌ستنى زانكۆكانى به‌ داتا و لێكۆڵينه‌وه‌ى زانستى و ڕۆڵيان له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ئێستا و داهاتوو له‌ بواره‌ جياكاندا به‌ پێويست زانى.

    هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا هاتووه‌" دەرچووانی زانکۆ لە کوردستان و عێراق پێویستە لە ئێستاوە پێشبینی کێشە و ئاڵنگاری و ئاڵۆزییەکانی سبەی و پاشەڕۆژ بکەن، لە ئێستاوە بیربکەنەوە و هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی دروست بۆ کێشەکانی ئەم وڵاتە بدۆزنەوە.

    هەریەکێکیش بیەوێت خوێندنی باڵا تەواو بکات، پێویستە بە هەمان گیان و باوەڕی سەرکەوتن لەسەر هەوڵەکانی خۆی بەردەوامبێت.

    لەم دەرفەتەدا دەمەوێت هەموو لایەک پشتڕاست بکەمەوە وەکو هەمیشە لەسەر پشتیوانیکردنی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک و زانکۆکانی دیکەی کوردستان بەردەوام دەبین. ئێمە پەرۆشی بەرەوپێشچوونی زیاتری ئاستی خوێندن و فێرکردن و خوێندنی باڵاین لە کوردستاندا.

    ئەوەندەی پێمان بکرێت بۆ پشتیوانی زانکۆکان و گەنجان، هەرچی لەدەستی ئێمەدا بێت خەمساردی ناکەین، ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین.

    هەروەها هەموو پشتیوانییەک لە هەوڵ و دامەزراندنی دەزگای متمانە بەخشین بە پرۆگرام و ناوەندی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەکەم، دەستخۆشی لە هەوڵ و کۆششی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ دامەزراندنی ئەم دەزگایە. هەروەها دەستخۆشی لێدەکەم بۆ ئەو دیدگایەی ئەو زانکۆیەی لەسەر بونیادنراوە. هیوادارم بەردەوام و سەرکەوتووبێت.

    خۆشحاڵم کە دەبینم زانکۆی ئەمریکیی کوردستان بەها و گرنگی داوەتە زۆربەی بوارەکانی زانستی و مرۆیی، ئەمڕۆ لەنێو ئەو رێوڕەسمەدا لە قۆناخی دووەمیشدا بە گشتی 145 دەرچوو بڕوانامەی زانکۆ وەردەگرن.