هەولێر –INA
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین رایدەگەیەنێت، سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردوە کە حەوت کیلۆ ماددەی هۆشبەریان لەناو بتڵی غازدا شاردوەتەوە و ویستویانە لە ئێرانەوە داخڵی هەرێمی کوردستان بکەن، وتیشی لە دوو چالاکی دیکەدا سێ کەسیان بە هەمان تۆمەت دەستگیرکردوە.
لە راگەیندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین كە كۆپییەكی دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە تێیدا هاتووە:" تۆمەتبارەكان ویستوویانە ماددەكان لە وڵاتی ئێرانەوە داخڵی ناو هەرێم بكەن، ماددەكەیان بەشێوەیەكی دفن لەناو بتڵی غازدا شاردبووەوە، لە ژێرەوە بتڵی غازەكە بە برغوو دەكرایەوە". باسیلەوەشكرد:" بە فەرمانی دادوەر وبەپێی ماددەی ٢٦ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵییەكان، لە ئێستادا هەرسێ تۆمەتبارەكە راگیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و لە دادگای لێكۆڵینەوەی پشدەر و لەبەردەم دادوەردا دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە".
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین ئەوەشیخستەڕوو:" هاوكات لە چالاكییەكی دیكەدا بازگەی بنكەی هەڵشۆ دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە بڕی ٣٥٠ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵیان پێبووە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و بە پێ ماددەی ٢٦ لە یاسای ئاماژەپێكراو، راگیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە".