بەغداد - INA
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ سێشەممە دەستگیركردنی پێنج گەورە بەرپرسی بەتۆمەتی دزەكردنی پرسیارەكان ڕاگەیاند، هاوكات هۆشداریدا لە یاریكردن بە نرخی خۆراك، و سەبارەت بە دۆسیەی دارایی عێراقیش تەئكیدی لە بەرزبوونەوەی یەدەگی بانكی ناوەندی كردەوە.
كازمی لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغداد كە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیبوو، رایگەیاند: دزەپێكردنی پرسیارەكان لە وڵاتێكدا عەیبەیە كە سەرچاوەی وشەیە و پێنج گەورە بەرپرسیش بە تۆمەتی دزەپێكردنیان دەستگیركراون و ئامانجیشیان لەم كردەوەیە دروستكردنی سەرلێشێواوی بووە، وتیشی: پێویستە پرۆگرامی زانستی لە فۆرم و ناوەڕۆكدا بگۆڕین بۆ بەردەوامبوون لەگەشەپێدان.
سەرۆك وەزیران سەبارەت بەبارودۆخی دارایی قسەیكرد و ڕایگەیاند: مانگانە 5 ملیار دۆلار دەچێت بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هتد و بڕی 2 ملیار دۆلاریش بۆ خەرجی كاركردن و كۆی گشتی 7 ملیار دۆلار دەكات و ساڵانەش دەكاتە 84 ملیار دۆلار.
ئاشكراشیكرد: لە ماوەی دوو ساڵی ئەم كابینەیەدا یەدەگی بانكی ناوەندی لە 50 ملیار دۆلار كەمتر بووە و ئێستا 76 ملیار دۆلارە و بەڵێنتان پێ دەدەین تا كۆتایی ساڵ دەبێت بە 90 ملیار دۆلار.
دووپاتیشیكردەوە: ئەم حكومەتە لە هەلومەرجێكی زۆر سەختدا دروستكرا، دوای خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەر، و گەنجان داوای چاكسازی سیاسییان دەكرد لەگەڵ ڕوخانی نرخی نەوت و بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا و ئێمە هەڵبژاردنی دادپەروەرانەمان بەڕێوەبرد.
هەروەها كازمی هۆشداریدا، كە بنبەستی سیاسی كاریگەری لەسەر ئەدائی حكومەت هەیە و كەسانێك هەن كە هەوڵدەدەن بەرپرسیار بن لە شكستهێنانی ئەوانی تر و ئەم كابینەیەش تەنیا دوو ساڵە و ئێمە بەرپرسیارێتی شكستی 17 ساڵمان لەسەر شان نیە و لە پڕۆژەیەكی زۆردا سەركەوتوو بوین و بەشێكیشیان پێویستیان بە كات هەیە.
سەبارەت بە دۆسیەی وزە، كازمی رایگەیاند: پێشتر كارەبا بەشێوەیەكی بێهودە بەڕێوەدەبرا و هەموو قەرزەكانی غازی ئێران لەحكومەتەكانی پێشووە و حكومەتی ئێستا قەرزی نەكردووەوە بەشێكیان داوەو كار لەسەر پەیوەندی كارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دەكەین.
هەروەها پلانی حكومەتی ئاشكراكرد بۆ دانانی بەردی بناغەی 1000 قوتابخانەی لەچوارچێوەی ڕێككەوتننامەی چینیدا.
سەبارەت بەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانیش، كازمی رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ بە میوانداریكردنی بریكاری وەزارەتی تەندروستی تاوتوێی دۆسیەی تەندروستی كرد و ڕاپۆرتێكی لەسەر تای خوێنەبەربوون و نەخۆشی ئاوەڵەی مەیمون پێشكەشكرد و هەروەها باسمان لە نەبوونی كارەبا كرد و ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕیاریدا سوتەمەنی بۆ پارێزگاكان دابین بكات و تەئكیدیش لەپڕۆسەی پێدانی گازوایل بە مۆلیدە ئەهلیەكان كرایەوە.
وتیشی: هەروەها لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باس لە پشتگیری كەرتی گەشتوگوزار كرا لە ڕێگەی ئەو پەیپەرەی كە وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار پێشكەشیكردووە.
لەسەر دۆسیەی ئاسایشی خۆراكیش سەرۆك وەزیران، رایگەیاند: سێ مانگ پێش ئێستا حكومەت بڕیاریدا بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی خۆراك بەدواداچوونی بازاڕ بكات و هۆشداریدا بەو كەسانەی یاری بە بازاڕ دەكەن.
لەبارەی پەیوەندییەكانی دەرەوەو ڕۆڵی عێراق لە ناوچەكە، كازمی جەختیكردەوە: كە عێراق ڕۆڵێكی گرنگی بینیوە لە لێكنزیككردنەوەی وڵاتانی هەرێمی بە میوانداریكردنی دیالۆگی نێوان سعودیە و ئێران و پێشكەوتنیش لە پەیوەندییەكاندا هەیە.
پەیوەست بە دۆسەی ئەمنی، سەرۆك وەزیران دووپاتیكردەوە: كە هەموو ڕۆژێك ئۆپەراسیۆنی ئەمنیمان هەیە بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان و بارودۆخی ئەمنی لەسەر سنووری عێراق و سوریا باشە و بەشێكی زۆری بەربەستی ئەمنی لەسەر سنوورەكە تەواوبووە، و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بەداخەوە كەسانێك هەن كە هەوڵدەدەن بازرگانی لە دۆسیەی ئەمنیدا بكەن.