سەرۆكی هەرێمی كوردستان: ڕێگە بە هیچ هەوڵێك بۆ سنوورداركردنی مافەكانی پێكهاتەكان نادرێت

سیاسی
  • 6-06-2022, 16:33
  • +A -A

    هەولێر -INA
    ئەمڕۆ دوو شەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی پێكهاتەكان و پەرلەمانتا‌ران و نوێنەرانیان، كۆبووەوە. نوێنەرانی پێكهاتەكان جەختیان لە گرنگیی ڕۆڵ و پشتگیریی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ پاراستنی مافەكانیان .
    نووسینگەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا كە كۆپییەكی بۆ  ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە  بڵاویكردەوە، لە بەردەوامیی هەوڵەكانیدا بۆ لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچۆنی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان بۆ ئامادەسازی و بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی داهاتوی هەرێمی كوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە 2022/6/6 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی پێكهاتەكان و پەرلەمانتا‌ران و نوێنەرانیان، كۆبوەوە.
    هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەیش كرد: وێڕای دەربڕینی هەموو پشتگیرییەك بۆ مافەكانی پێكهاتەكان و پاراستنیان، جەختی لەوە كردەوە كە پێكهاتەكان دەبێ خۆیان خاوەنی بڕیاری خۆیان بن و بیروبۆچوون و بڕیارەكانیان ڕێزلێگیراو بن، هەروەها دڵنیای كردنەوە كە ڕێگە بە هیچ هەوڵێك بۆ سنوورداركردنی مافەكانی پێكهاتەكان نادرێت بەتایبەتی لە پرسی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتیكردنیاندا لە پەرلەمان و دامەرزاوەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، بە پێچەوانەوە تا لە توانادایە دەبێ گرنگیی زیاتر بە مافەكانیان بدرێت.
    لای خۆیانەوە لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرانی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، سوپاس و پێزانینان بۆ هەڵوێستەكانی نێچیرڤان بارزانی دووپات كردەوە و جەختیان لە ڕۆڵی بەڕێزیان لە پاراستن و قووڵكردنەوەی گیانی پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و لێبوردەیی لەنێوان پێكهاتەكانی گەلی كوردستاندا كردەوە و بە گەرەنتیی پاراستنی مافەكانیان لە قەڵەم دا.