نوسەر و وەرگێر مامۆستا عەزیز گەردی كۆچی دوایی كرد

ناوخۆ
  • 6-06-2022, 12:57
  • +A -A

    هەولێر - INA
    بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر ئەمڕۆ دوو شەممە، كۆچی دوایی نوسەر و وەرگێڕی ناوداری كوردستان، مامۆستا (عەزیز گەردی)ی راگەیاند.
    بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر لە پرسەنامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عیراقی كەوتووە، دەڵێت: بە داخ و پەژارەی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی دوایی نوسەر و وەرگێڕی ناوداری كوردستان، مامۆستا (عەزیز گەردی)مان بیست. ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: كۆچی دوایی ئەم مامۆستا و ئەدیبە گەورەیەی كورد، كەلێنێكی زۆر گەورە لەناوماندا دروست دەكات و پڕكردنەوەی ئاسان نابێت، بەم بۆنە خەمناكەوە، سەرەخۆشی لە خۆمان و تەواوی نووسەران و رۆشنبیران و كەسوكارەكەی و خەڵكی كوردستان دەكەین و لە خوای گەورە داوای رەحمەت و لێخۆشبوونی بۆ دەكەین و جێگای بەهەشت بێت.
    ژیاننامەی مامۆستا عەزیز گەردی
    عەزیز گەردی، لە ساڵی 1947 لە بەحركە لەدایكبووە، زیاد لە 36 كتێب و بەرهەمی ئەدەبی گرنگی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، هەروەها ماوەیەك لە كۆلێژی زمانی زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر مامۆستا بووە و لەرێگەی بەرهەمەكانییەوە خزمەتێكی گەورەی زمانی كوردی كردووە.
    جیا لە وەرگێڕان، مامۆستا عەزیز گەردی چەند بەرهەمێكی تایبەت بەخۆی هەیە، لەوانە (رەوانبێژی لە ئەدەبی كوردیدا، ئەدەب و رەخنە، ئەدەبی بێگانان، پیاوێك، سەروا، كێشی شیعری كلاسیكی كوردی).
    عەزیز گەردی لە بواری پەروەردە و فێركردنیشدا ڕۆڵێكی باڵای هەبوو، چەندین ساڵ لە قوتابخانەی ئامادەیی ڕزگاری و قوتابخانەكانی دیكەی شاری هەولێر وانەی وتوەتەوە
    دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆش لە بەشی كوردی كۆلێژی ئاداب لە هەولێر بووەتە وانەبێژ، بەڵام لەپێناو خۆ تەرخانكردن بۆ وەرگێڕان دەستیلەكاركێشاوەتەوە، تا ساڵی 1994 ماستەرنامە و ساڵی 1999 دكتۆراكەی بەدەست دەهێنێت.