هەولێر -INA
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و وڵاتی ئیتاڵیا كردەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی كوردستان كە كۆپییەكی دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە تێیدا هاتووە: د. ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە پێشوازیی لە ماریانا سێرێنی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا كرد و لە دیدارێكدا كە برونۆ ئەنتۆنیۆ، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و میكێلێ كامیرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەیبون، باسی دۆخی سیاسیی عێراق، هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان و ئاڵنگارییەكانی بەردەم پرۆسەكە كرا.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیشیدا سەرۆكی پەرلەمان تیشكی خستە سەر چەندین لایەنی پەیوەست بە ئازادییەكان لە ھەرێمی كوردستان و پرسی ژنان و مافی پێكھاتە ئاینی و نەتەوەییەكان و ڕایگەیاند: "ئەو یاسایانەی كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوون تایبەت بە پاراستنی مافی ژنان بە گشتی، پێكەوە ژیانی ئاین و نەتەوە جیاوازەكان، بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكە، لە باشترین یاساكانن".
وتیشی، "پێكھاتە جیاوازەكانی عێراق كاتێك ھەڕەشە دەكەوێتە سەر ژیان و گیانیان، پەنا دەھێننە بەر كوردستان، لەم ڕووەوە ئێمە شانازی بەو فرەیی و پێكەوەژیانە دەكەین كە لە ھەرێمی كوردستاندا ھەیە.
ھەر لە دیدارەكەدا ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان كردەوە، لەسەر ئاستە جیاوازە دیپلۆماسی و سیاسییەكاندا بە گشتی.