سەرۆك كۆمار: پێویستە پڕۆژەیاسای گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكان پەسەندبكرێت

سیاسی
  • 1-06-2022, 14:21
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند: پێویستە زوو بە زوو پڕۆژەیاسای گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی گەندەڵی پەسەند بكرێت لە پێناو ریشەكێشكردنی گەندەڵی.
    سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازیكرد لە حاكم عەلا جەواد ساعدی، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی.
    ئاشكراشیكرد: لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختی لە رۆڵی گرنگی دەستەی دەستپاكی كردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەروها ئاماژەی بەوەدا كە پاراستنی سامانی گشتی و داخستنی سەرچاوەكانی گەندەڵی و گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی گەندەڵی ئەركێكی نیشتمانییە، هاوكات ئاماژەی بە مەترسییەكانی گەندەڵی بۆ لاوازكردنی دامودەزگاكانی دەوڵەت كرد، كە دەبێتە هۆی رێگریكردن لە هێنانەدی داوا رەواكانی هاووڵاتیان و دەرفەتی وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوەی وڵات.
    هەر لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەگرنگی تێپەڕاندن و پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی گەندەڵی كرد كە سەرۆكایەتی كۆمار پێشكەشی كردووە، وەك هەنگاوێك بۆ ریشەكێشكردنی ئافاتی گەندەڵی، هەروەها جەختیكردەوە لە پێویستی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەمان شێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
    لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا بەرهەم ساڵح تەئكیدی  لەسەر كاراكردنی هەموو رێكارە یاساییەكان كردەوە بە ئاڕاستەی ریشەكێشكردنی گەندەڵی بە رێگەی جیاواز و كاریگەر بە سوودوەرگرتن لە پسپۆڕانی نێودەوڵەتی.
    لەلایەن خۆیەوە سەرۆكی دەستەی دەستپاكی كورتە باسێكی لەسەر بەرەوپێشچوونی كارەكانی دەستەی دەستپاكی و ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی كارەكان و پلانەكانی داهاتوو دەبێتەوە كردەوە، هاوكات سەرۆك كۆمار پشتیوانی هەموو ئەو هەوڵانەی كرد كە خزمەت بە ریشەكێشكردنی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی دەكات.